قەدەغەی هاتوچۆ لەقەزای شنگال ڕاگه‌یه‌ندرا

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

به‌هۆى خراپی دۆخى ئه‌منى وبوونى چه‌ندین گروپى چه‌كدار له‌ناو قه‌زاى شنگال فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی رۆژئاوای دیجله‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌سنوری هه‌مو شار وشارۆچكه‌كانی قه‌زاكه‌ راده‌گه‌یه‌نێت

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی شنگال له‌راگه‌یه‌نراوێكدا بۆ هاوڵاتیانی قه‌زاكه‌ رایگه‌یاند: له‌سه‌ر فه‌رمانی سه‌روی خۆیانه‌وه‌ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ له‌كاتژمێر 12:00ـی شه‌و تاوه‌كو 6:00ی به‌ره‌به‌یان له‌ ئه‌مڕۆوه‌ تا كاتێكی نادیار ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ن هه‌مو هاوڵاتیان پابه‌ندی رێنماییه‌كان بن وته‌نها بۆ هۆكاری ته‌ندروستی ومرۆیی نه‌بێت له‌و ماوه‌یه‌دا نه‌چنه‌ده‌ره‌وه‌.

به‌ گوێره‌ى زانیاریه‌كان هۆكاری بڕیاره‌كه‌ی فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌كانی رۆژئاوای دیجله‌ بۆ دۆخی ئه‌منی قه‌زای شنگال ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ بونی چه‌ندین هێزی جیاواز له‌ ناوچه‌كه‌دا هه‌یه‌ به‌ تایبه‌ت بوونى هێزه‌كانى په‌كه‌كه‌ وایكردوه‌ مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه‌ و هاوڵاتیان دروست ببێت، قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ رۆژئاواى موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌ و زۆرینه‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى كوردانى ئێزیدین.