كەشناسی پێشبینی كەش و هەوای بۆ ڕۆژانی نەورۆز ئاشكراكرد

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

کەشناسیی هەرێم پێشبینییەکانی کەش و هەواى رۆژانى نەورۆزی بڵاوكردەوە، به‌پێی پێشبینییه‌كانیش پلەی گەرما كەمێك ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكات و ئاسمانی ناوچەكانی هەرێم نیمچەهەوردەبێت.

بەرێوەبەرایەتى گشتى کەشناسی و بوومەلەرزەزانى رایگەیاند: بەگوێرەى ئەو پێشبینیانەى ئێستا هەیە بۆ سەر ناوچەکەمان کەشى ڕۆژانى نەورۆز بەم شێوەیە دەبێت وە لە کاتى دروست نەبوونى گۆڕانکارى لەسەر کەشى ناوچەکەمان پێشبینیمان بەم شێوەیەى خوارەوە دەبێت:

یەکەم ڕۆژى نەورۆز :- ئاسمان بەگشتى نیمچە هەورە تەنها لەسەر ناوچە سنوورییەکان ئەگەرى کەمێک بەفر و نمە باران هەیە لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان باران لەسەر شێوەى نمە بارانى کورت خایەن دەبێت . پلەکانى گەرما بەرزبوونەوەى زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت , بەرزترین پلەکانى گەرما ڕوو لە بەرزبوونەوە دەکات بە نزیکەى ( 4-6) پلەى سیلیزى .خێراى با لەسەر خۆیە مەوداى بینین 9 کم دەبێت بە گشتى .

دووەم رۆژى نەورۆز : ئاسمان بە گشتى هەورو نیمچە هەور دەبێت پلەکانى گەرما زیاتر روو لە بەرزبوونەوە دەکات کاریگەرى ئەو بارستە هەوایە ساردەى رووى لە ناوچەکەمان کردبوو لاواز دەبێت .ئەگەرى نمە باران لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان هەیە بە تایبەت لە سنوورى ناوچە شاخاوییەکانى پارێزگاى دهۆک و هەولێر هەندێ کات بڕى باران مامناوەند دەبێت . سەنتەرى پارێزگاى دهۆک و هەولێر ئەگەرێکى کەمى نمە بارانى کورت خایەن هەیە لە کاتەکانى نیوەڕۆ . پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە بەردەوام ئاسمانى نیمچە هەور دەبێت تەنها ناوچە شاخاوییەکانى ئەو دوو پاریزگایە ئەگەرى نمە بارانى هەیە .

سێ یەم رۆژى نەورۆز : ئاسمان بەردەوام نیمچە هەور دەبێت بە هەمان شێوەى رۆژانى پێشووتر پلەکانى گەرما کەمێک روو لە بەرزبوونەوە دەکات ئەگەرى زیادبوونى خێراى با هەیە لە تەواوى ناوچەکەمان هەندێ کات دەگاتە سەرووى 20 کم لە کاتژمێرێکدا لەگەڵ بەرزبوونەوەى تۆزێکى سووک ,ئەو تۆزوخۆڵە لەگەڵ نمە باران تێکەڵ دەبێت لەسەر بەشێک لە ناوچەکان بە تایبەت ناوچە شاخاوییەکان .

ئاماژەشیان بەوەدا: لە ماوەى ئەم سێ رۆژەى نەورۆز لە کاتى باران لەسەر ناوچە شاخاوییەکان ئەگەرى دروست بوونى هەورە تریشقە هەیە.لە گۆڕانکارى نوێ لە ماوەى رۆژانى داهاتوو ئاگادارتان دەکەینەوە.