د. ڤیان: وادەی یاسایی كۆتایی ھاتووە و ھیچ كەسێك بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران كاندید نەكراوە

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- بڕیار بوو شەوی رابردوو لایەنە شیعەكان بگەنە رێككەوتن بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیرانی عێراق، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیش ئاشكرای كرد، وادەی یاسایی كۆتایی ھاتووە و نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.

دكتۆر ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ھێشتا لایەنە عێراقییەكان نەگەیشتوونەتە رێككەوتن بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران، لیژنەیەك پێشتر پێك ھاتووە گوایە ئەوان كاندیدی سەرۆكوەزیران دیاری دەكەن و ھیچیش دیار نییە".

سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی گوتیشی: "پێشتر ناوێك ھاتبوو و وا بڵاو كرایەوە كە لەسەری رێك كەوتوون تا رایبسپێرن بۆ پێكھێنانی حكوومەت، بەڵام دواتر پەشیمان بوونەوە و نەگەیشتن بە ئەنجام".

دكتۆر ڤیان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "وادەی یاسایی بۆ راسپاردنی كاندیدی سەرۆكوەزیران شەوی رابردوو كۆتایی ھاتووە، چونكە ١٥ رۆژ دەرفەت ھەبوو و دوادەرفەت دوێنێ بوو تا كاتژمێر ١٢ی شەو، ئەویش نەگەیشتن بە ھیچ رێككەوتنێك و لەسەر ھیچ كەسێك رێككەوتن نەكراوە".

دەشڵێ: "لە ئەمڕۆ بەدواوە بەپێی یاسا حكوومەتی كاربەڕێكەر لە كارەكانی بەردەوام دەبێت".

 

قائید میرۆ