ئەمینداری گشتی یەكگرتوو: دەسەڵاتداران خۆیان هۆكاری لاوازكردن و داتەپینی ئەزموونی هەرێمی كوردستانن

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئەمڕۆ هەینی 18-3-2022 بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاوەری شاندێك سەردانی كۆیەی كردو لەدیدارێكدا لەگەڵ ڕێكخستنەكانی مەڵبەندی 16ی كۆیە ڕایگەیاند: یەكگرتوو ئەولەویەتی كاری ڕۆشنەو دیاری كردووە چی دەكات، بەرنامەی یەكگرتوو گرنگیدانە بەچاكسازی كۆمەڵگە كە دەسەڵات كار دەكات لەسەر تێكدانی، وەك دەبینین چۆن هەموو جومگە سیاسی و خزمەتگوزاریەكانی وێران كردووە، لێرەوە ئەركی یەكگرتووەكان ڕۆژبەڕۆژ گران و سەنگین دەبێت و سیاسەتی دروست و خزمەتی كۆمەڵگە بە بەشێك لەدینداریمان دەزانین و ئەركی ئێمەی ئیسلامی لەگەڵ كارە سیاسی و خزمەتگوزاریەكان، ئەركی پارێزگاری لەشوناسی ڕەسەنی ئەم گەلەشمان لەسەرشانە كە ئەركێكی گرنگ و بنەڕەتیەو پێویستە مامۆستاو كارمەندو فەرمانبەرەكانی یەكگرتوو پێشەنگ بن و نمونەی دڵسۆزی و خزمەت بن.   هەر لەسەردانەكەیدا بۆ دەڤەری كۆیە، مامۆستا سەلاحەدین لەمیانەی ئامادەبونی لەچادرگەری فیكرو ئیمان و كردار كە ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان بۆ بەشێك لەقوتابیانی سازكردبوو، ڕایگەیاند: ئێوەی لاوان و قوتابیانی یەكگرتوو سەركردەی ئایندەی كارو كاروانن، ئەوەش پرۆسەیەكە پێویستی بە سەلیقەو بڕوابەخۆبون و گەشەدان بەتواناكانی خۆتان هەیە، هیمەت بەرزی بۆ ئێوەی لاو گرنگە بۆ ئەوەی ئایندە بنەخشێنن و لاوان دەبێت خاوەن ئومێدبن و گۆڕانكاری بەئێوەدەكرێت بەمەرجێك خاوەن پەیام بن.   هەر ئەمڕۆ هەینی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو سەردانی تەقتەقی كردو لەدیدارێكدا لەگەڵ بەشێك لەگەنجانی بەشداربووی چاترگەی بانگخوازی و پەروەردەیی جەختیكردەوە: دەسەڵاتداران كاردەكەن لەسەر لادانی لاوان لەڕەوشتە باڵاكان و دەبێت هەمومان ڕوبەڕوی ئەم پلانگێڕی و لادانانە لە ڕەوشت ببینەوەو ئومێدو هیوا بەتاكی كۆمەڵگە ببەخشین.   ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ووتیشی: دەسەڵاتداران خۆیان هۆكاری لاوازكردن و داتەپینی ئەزموونی هەرێمی كوردستانن، بەرپرسان لە هەموو ڕەهەندەكانەوە هەرێمی كوردستانیان توشی قەیران و داتەپین كروەو ڕۆژدوای ڕۆژ ژیانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان قورستردەكەن و ئەوەش ئەنجامەكەی باش نابێت. هەر لەو دیدارانەدا، بەڕێز د.محمد ئەحمەد بەرپرسی دەزگای باڵای چاودێری و بەدواداچون تیشیكی خستەسەر كارەكانی دەزگاكە و لەلایەن ئامادەبوانەوە كاروچالاكیەكانی دەزگاكە بەرزنرخێندرا.