هاتوچۆی هەولێر پلانی هاتوچۆی بۆ ڕۆژانی نەورۆز ئاشكرا كرد

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-18 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

هاتوچۆی هەولێر راگه‌یاند، سەرجەم ڕێگایەکان کراوە دەبن بۆچون و هاتنەوە و هیچ ڕێگایەک ناکرێت بەچون بەتەنها، یان گەڕانەوە بەتەنها، هه‌روه‌ها لەسەرجەم ڕێگایەكان كامێرای چاودێری تیژڕۆیی گەڕۆك دادەنرێت.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هاتوچۆی هەولێرئه‌مڕۆ هه‌ینی 18 - 3 - 2022 راگه‌یاند، بەمەبەستی دابینكردنی كەشێكی ئارام و هاتوچۆیەكی سەلامەت، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر پلانێكی چەند خاڵی ئامادەكردووە كەبەیارمەتی هێزە ئەمنیەكانی تر لەپۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی جێبەجێی دەكات، كەبەم شێوەیە دەبێت.

1. لەسەرجەم ئەو ڕێگایانەی كە بۆ سەیرانگاكان دەچن بڵاوە بەئەفسەرو كارمەندانی هاتوچۆ دەكرێت بۆ ڕێكخستنی هاتوچۆ كە ئەوانیش ڕێگای (هەولێر – كەسنەزان – دەربەند) (هەولێر – بەستۆرە – هەنارە) (هەولێر – بەستۆرە – شێخ توراب) (هەولێر – بێستانە) (هەولێر – خەبات) (هەولێر – مەخمور) وەهەر ڕێگایەكی تر كە ئەگەر هەبێت هاوڵاتیان ڕووی تێبكەن بۆسەیران، سەرباری ڕێگا سەرەكیەكانی ناو شارو چواڕیانەكان.

2. سەرجەم ڕێگایەكان كراوە دەبن بۆچوون و هاتنەوە، هیچ ڕێگایەك ناكرێت بەچوون بەتەنها، یان گەڕانەوە بەتەنها.

3. هاتوچۆكردنی بارهەڵگرەكان كە كێشی هەڵگرتنیان لەچوار تۆن بەرەو سەرەوە بێت قەدەغەیە بۆ سەیرانگاكان و لەدەروازەكانی شار ڕادەگیرێن.

4. قەدەغەكردنی ماتۆرسكیلی دووتایە بۆ چوون بۆ سەیران بەهەموو شێوەیەك وە تەنها ڕێگا دەدرێت بەجولەكردنی ماتۆرسكیلی سێتایە، چونكە خەڵكانێكی زۆر بۆكاسبی كردن، یان وەكو شوێنگرەوەی ئۆتۆمبێل بەكاریاندەهێنن بۆچوونە سەیران.

5. سەرجەم مەفرەزەكان ئامێری پشكنینی مەینۆشیان لەلا دەبێت وەپشكنین بۆ هەر شوفێرێك دەكەن كەگومانی مەیخواردنی لێبكرێت.

6. لەسەرجەم ڕێگایەكان كامێرای چاودێری تیژڕۆیی گەڕۆك دادەنرێت، سەرباری كامێرا جێگیرەكان، كە ئەو هەنگاوە بۆ ڕێگری كردنە لەدیاردەی تیژڕۆیی و پێشبڕكێ كردن.

7. بەدرێژایی ڕۆژ لەڕێگای ڕادیۆی هاتوچۆی هەولێر هاوڵاتیان و شوفێران لەباری شەقام و ڕێگاو بانەكان ئاگادار دەكرێنەوە.

8. هێڵی گەرمی هاتوچۆ بەبەردەوام لەخزمەتی هاوڵاتیان دەبێت كەژمارەكەی (440) وە دەتوانن هاوڵاتیان لەكاتی پێویست و بۆ بەهاناوەچوون پەیوەندی پێوەبكەن.

نەورۆزتان پیرۆزو بەهیوای گەشت و سەیرانێكی خۆش و سەلامەت