دیجیتال میدیای سپێده
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن پێشوازیی لە باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، مایک برایسۆن ریچاردسۆن کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاوی کردەوە لە دیدارەکەدا، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا تاوتوێ کراوە، ھەروەھا لەبارەی چۆنیەتی پتەوترکردنی ئاسۆی ھاریکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە سەرجەم بوارەکاندا، پەرەپێدان بە ھاریکارییە ئابووریی و بازرگانییەکان، پێکەوەکارکردن بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان گفتوگۆکراوە.
راشیگەیاندووە کە ھەردوولا باسیان لە پێشھاتەکانی جەنگی رووسیا- ئۆکراینا کردووە و لەوبارەیەوە فوئاد حوسێن جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق پاڵپشتی لەو دەکات، ھەوڵە دیپلۆماسییەکان بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی، ھێورکردنەوەی رەوشەکە، کۆتایی ھێنان بە ھێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا چڕتر بکرێنەوە.
باسی لەوەش کردەوە کە دوایین پێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ھەوڵەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی خراوەنەتە بەرباس و لەوبارەوە جەخت کراوەتە لەسەر ئەوەی کە پێویستە حکوومەتی نوێی عێراق بەپێی بنەماکانی دیموکراسی لە چوارچێوەی دەستووردا، متمانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەستبھێنێت.