نەتەوەیەکگرتووەکان: "لە ئۆکراینا ٨٤٧ مەدەنی گیانیان لەدەستداوە"

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-19 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە، تا ئێستا ٨٤٧ کەسی مەدەنی لە شەڕی رووسیا-ئۆکراینا گیانیان لەدەستداوە، ھەزار و ٣٩٩ کەس برینداربوون و سێ ملیۆن و ٣٢٨ ھەزار و ٦٩٢ پەنابەر روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئۆکراینا.

کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR)، لە راگەیەندراوێکدا ئاماری قەیرانی پەنابەرانی ئۆکراینا کە لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە بەدەستی ھێناوە، بڵاوکردەوە.

بەپێی ئامارەکان، لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ ١٨ ئادار، سێ ملیۆن و ٣٢٨ ھەزار و ٦٩٢ پەنابەر لە ئۆکرایناوە روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە کە زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە پەنایان بۆ پۆڵەندا بردووە.

ئەوەش ئاشکراکراوە کە زۆرینەی ئۆکراینییەکان پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی دراوسێی وەکو پۆڵەندا بە (دوو ملیۆن و ١٠ ھەزار و ٦٩٣) پەنابەر، رۆمانیا (٥١٨ ھەزار و ٢٦٩ ) پەنابەر و مۆڵدۆڤا (٣٥٩ ھەزار و ٥٦) پەنابەر. ھاوکات لە ١٨-٢٣ی شوبات ٥٠ ھەزار کەس لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوھانسک-ەوە چوونەتە ناو خاکی رووسیا.

ئەوەش دەزانرێت کە سەدان ھەزار لەو پەنابەرانەی لە ئۆکرایناوە پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە، لەوێوە بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەورووپا رۆیشتوون.

لەلایەکی دیکەوە لەو راگەیەندراوەی کە لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکانەوە (OHCHR) بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ١٨ی ئادار لانیکەم ٨٤٧ کەسی مەدەنی بەھۆی شەڕی نێوان رووسیا-ئۆکراینا گیانیان لەدەستداوە و ھەزار و ٣٩٩ کەسی دیکەش برینداربوون.

لە راگەیەندراوەکەدا، جارێکی دیکە ھۆشداریی لەوە دراوە کە ئەگەری ھەیە ژمارەی کوژراو و برینداران لە ریزی خەڵکی مەدەنیدا زۆر لەو ژمارەیە زیاتر بێت کە تۆمار کراوە.

نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئۆکراینا تەنھا ژمارەی ئەو قوربانییە مەدەنییانە رادەگەیەنێت کە پشتڕاستکراونەتەوە. بەپێی ئاماری لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئۆکراینا ژمارەی قوربانییە مەدەنییەکان بە ھەزاران کەس ھەژمار دەکرێت.