خاوی برێنت به‌ 111 دۆلار و 50 سه‌نت مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-21 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێدە

لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە 111 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.

رۆژی ھەینی نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت گەیشتە 109 دۆلار و 59 سەنت و رۆژەکەی بە 107 دۆلار و 93 سەنت تەواو کرد. ئەمڕۆش لە کاتژمێر 09:29-ەوە، نرخەکەی بە بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕ بەڕێژەی لەسەدا ٣،٣١ رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و بە 111 دۆلار و 50 سەنت مامەڵەی پێوە دەکرێت. لە ھەمانکاتدا یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI) بە 106 دۆلار و 82 سەنت فرۆشرا. هەنگاوەکانی دیپلۆماسی و سزاکان سەبارەت بە جەنگی رووسیا-ئۆکراینا لە بەرنامەی کاری وڵاتاندا دەمێنێتەوە بەتایبەتی ئەمریکا. لەو بارەیەشەوە سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رۆژی چوار شەممە بەرنامەی کاری جەنگ رووسیا-ئۆکراینا، سەردانی برۆکسل دەکات، رۆژی پێنج شەممه‌ بەشداری لە لووتکەی ناتۆ، لووتکەی G7 و لووتکەی ئەنجوومەنی ئەورووپا دەکات و پاشان سەدانی پۆڵەندا دەکات. لەو کۆبوونەوانەدا پێشبینی دەکرێت سزاکانی سەر رووسیا فراوان بکرێن، ئەوەش نیگەرانیەکان لەبارەی دروستبوونی کێشەی دەستەبەرکردنی نەوت زیاد دەکات.

لە لایەکی دیکەوە، هێرشەکانی سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لەلایەن حووسییەکانەوە نیگەرانیەکانی لەبارەی خستنەڕووی نەوت زیادکردووە، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی. لە چین کە دووەم گەورەترین بەکاربەری نەوتە لە جیهاندا، حاڵەتەکانی توشبوونی رۆژانە بە پەتای کۆرۆنا گەیشتووەتەوە ئاستی ئەو رۆژانەی لە سەرەتای 2020 دا پەتاکە زۆر چڕ بوو، ئەوەش نیگەرانییەکانی خواستی لەسەر نەوت زیاد کردووە. چین کە یەکەم وڵاتی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنایە، لە دوای زیاتر لە ساڵێک حالەتێکی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا تیایدا تۆمار کرا. باس لەوەیش دەکرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان 111دۆلار و 80 سەنت بۆ 114 دۆلار و نۆ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان 109 دۆلار و 51 سەنت بۆ 107 دۆلار و 22 سەنت بمێنێتەوە.