شارەوانی: تا ئێستا رشاندن بۆ 90%ی شاری هەولێر كراوە و بەردەوامیش دەبێت

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی شارەوانیی هەولێر رایگەیاند، لە پێناو سەلامەتیی هاووڵاتیاندا، بەردەوام ناوشاری هەولێر بە دەرمانی دژە ڤایرۆش دەڕشێندرێت و پاك دەكرێتەوە، تا ئێستاش  90%ی شاری هەولێر رشێندراوە و بەردەوامیش دەبێت.

 

عەبدولواحید ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "تیمەكانی شارەوانی و بەرگریی شارستانی و ژینگەپارێزی، بەردەوامن لە خاوێنكردنەوەی ناوشاری هەولێر و رشاندنی سەرجەم شوێنەكان بە دەرمانی دژە ڤایرۆس و هەر لە سەرەتاشەوە دەستمان بەو كارە كردووە، هەروەها دوێنێش چەندین شوێنی دیكە رشاندنی بۆ كراوە و رۆژانەش تەعقیمكردن و رشاندنی ناوشاری هەولێر بەردەوام دەبێت".

 

ئەحمەد گوتیشی: "جێگەی خۆشحاڵییە تاوەكو ئێستا توانیومانە 90%ـی شاری هەولێر تەعقیم بكەین و بەردەوامیش دەبین، چونكە تەندروستیی هەولێر ئەوەی زۆر پێ باش بووە، ئەوەی ئێمەش كردوومانە، هێشتا زۆرینەی وڵاتانی ئەورووپاش ئەو كارەیان نەكردووە، كە بێگومان ئەو كارەش بۆ سەلامەتیی هاووڵاتیانی خۆمانە و سەرۆكی حكوومەت و وەزیری شارەوانی و پارێزگاریش بەردەوام هاوكاریمان دەكەن لە هەموو روویەكەوە".

 

باسی لەوەش كرد: "كارمەندانی ئێمە بەردەوام لە خزمەتی هاووڵاتیاندان و هیچ كات نەوەستاون، ئێمەش هەموو پێداویستییەكمان لە جلوبەرگ و ماسك و دەستەوانە و هەموو كەلوپەلێكی پێویستمان بۆ كارمەندان دابین كردووە".

 

بڵند ئیبراهیم