كاندیدێكی نوێ بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران راسپێردرا

دوایین نوێکردنەوە 2020-03-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بەغدا-KDP.info- سەرۆككۆماری عێراق، (عەدنان زەرفی) وەكو كاندیدی نوێی سەرۆكوەزیران راسپارد، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێ: "هەر كەسێك ببێتە سەرۆكوەزیران، ئەگەر داواكاریی كورد جێبەجێ بكات، ئێمە كێشەمان لەسەری نییە و گرنگ ئەوەیە دەست بۆ مافەكانی گەلی كورد نەبات".

 

د. ناسر هەركی، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەو كەسەی سەرۆككۆمار بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران رایسپاردووە، سەرۆكی فراكسیۆنی كوتلەی حەیدەر عەبادییە و لای ئێمە هەر كەسێك راسپێردرێت، پێویستە دەست بۆ مافەكانی گەلی كورد نەبات و داواكاریی كورد جێبەجێ بكات".

 

هەركی گوتیشی: "ئێمە لە لیژنەی باڵای فراكسیۆنە كوردییەكان و سەرۆكایەتیی كۆمار و حكوومەت و لایەنەكانی هەرێمی كوردستان، هەڵوێستی خۆمان لەسەر كاندیدكردنی ئەو بەربژێرە دەردەبڕین".

 

ناوبراو باسی لەوەش كرد، دیار نییە ئەو كەسە چۆن دەبێت، چونكە گرنگ ئەوەیە كاتێك دەسەڵات وەردەگرێت، ئەوكات كەسێكی باش بێت و داواكاریی هەمووان جێبەجێ بكات.

 

دەشڵێ، تا ئێستا تەنها راسپێردراوە و دیار نییە كە دەتوانێ دەنگی پێویست بەدەست بێنێت یاخود نا.

 

بڵند ئیبراهیم