دیجیتال میدیای سپێده
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس رایگەیاند کە ئەو جەنگەی رووسیا ماوەی مانگێکە لە دژی ئۆکرانیا دەستیپێکردووە، "براوەی نابێت" و گوتیشی: "زوو یان درەنگ، پێویستە لە گۆڕەپانی جەنگەوە بچنە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەمە بێگومانە، بەڵام تاکە پرسیار ئەوەیە: دەبێت تا چەند کەسی دیکە گیان لە دەست بدات؟ دەبێ چەند بۆمبی دیکە بخرێتە خوارەوە؟".
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس لە ناوەندی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا و رایگەیاند کە لەوەتەی دەستیپێکی جەنگی رووسیا و ئۆکراینا لە ٢٤ی شوباتی رابردوو، کاری رووخێنەر و بە ئازار روویداوە و خەڵکی سڤیل "بە بۆردومانی سیستەماتیکی تیرۆر"یان لە بەرامبەردا بەکارھێنراوە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکراشی کرد کە سەرەڕای ئەوەی ماریۆپۆل بکەوێتە دەست رووسیا، بەڵام ناکرێت شار بە شار، شەقام بە شەقام و ماڵ بە ماڵ دەستبەسەر ئۆکرانیادا بگیرێت و گوتیشی: "ئەم جەنگە نابڕێتەوە. زوو یان درەنگ، پێویستە لە گۆڕەپانی جەنگەوە بچنە سەر مێزی گفتوگۆ. ئەمە بێگومانە، بەڵام تاکە پرسیار ئەوەیە: دەبێت تا چەند کەسی دیکە گیان لە دەست بدات؟ دەبێ چەند بۆمبی دیکە بخرێتە خوارەوە؟".
ئەنتۆنیۆ گوتیرێس ئەوەشی خستەڕوو کە درێژەدان بەم جەنگە لە رووی ئەخلاقییەوە قبوڵکراو نییە و لە رووی سیاسیشەوە ناتوانرێت بەرگریی لێ بکرێت و گوتی: "ئیتر کاتی راگرتنی جەنگەکەیە و دەرفەتدان بە ئاشتییە. ئەم جەنگە تۆقێنەر و بێ مانایە پێوستە کۆتایی پێ بێت".