زێلێنسکی: دانوستانەکان لەگەڵ رووسیا بە قوڕسى و مشتومڕاوی بەڕێوەدەچن

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-23 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سەرۆكی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسكی، ئاماژەی بەوە کرد کە، دانوستانەکان لەگەڵ رووسیا بە قوڕسى و مشتومڕاوی بەڕێوەدەچن.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تێلیگرام بڵاویکردەوە، زێلێنسکی باسی لە دانوستانەکان لەگەڵ رووسیا و پڕۆسەکانی گواستنەوەی مەدەنی لە ناوچەکانی پێکدادان کرد.

سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان ئۆکراینا و رووسیا، زێلێنسکی رایگەیاند "لە چەند ئاستێکی جۆراوجۆردا بەردەوامین لە سەر کارەکان بۆ ئەوەی رووسیا ناچار بکەین بە ئاشتیی و کۆتاییهێنان بەو جەنگە بێ بەزەییە".

زێلێنسکی باسی لەوەیش کرد کە، دانوستانەکان هەموو رۆژێک ئەنجام دەدرێن و، رایگەیاند "دانوستانەکان زۆر بە قوڕسی، هەندێكجاریش بە مشتومڕاوی بەڕێوەدەچن، بەڵام هەنگاو بە هەنگاو دەچینە پێش".

سەرۆكی ئۆکراینا زێلێنسکی، ئاماژەی بەوە کرد کە، لەم هەفتەیەدا لووتکەکانی ناتۆ، G7 و یەکێتیی ئەورووپا ساز دەکرێن و، رەنگە پاکێجی نوێی سزا بەسەر رووسیادا بسەپێندرێت.

هەروەها زێلێنسکی باسی لەو رەوشی شاری ماریۆپۆل کرد و، گوتى: "سوپای رووسیا بە بەردەوامی هێرش دەکاتە سەر شارەکە، کە نزیکەی ١٠٠ هەزار کەسی تێدایە".

زێلێنسکی ئەوەشی خستەڕوو کە هەوڵی گواستنەوەی هاووڵاتيیانی مەدەنی دەدەن لە رێگەی رێڕەوە مرۆییەکانەوە، بەڵام هێزەکانی رووسیا رێگری دەکەن.