دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ پێنج شەممە 24-3-2022، بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە یاوەری شاندێك سەردانی پارێزگای هەڵەبجەی كرد و لەمیانەی بەشداریكردنی لە چادرگەی پەرەپێدانی تواناكان كە دەستەی مامۆستایانی مەڵبەندی هەڵەبجەو شارەزوور سازیانكردبوو، ڕایگەیاند: دەبێت مامۆستایان یەكگرتوو لەناوەندەكانی خوێندن نمونەی مامۆستای پڕ زانست بن و لەخزمەت پەروەردەو پێگەیاندنی نەوەكانی ئەم وڵاتەبن.
هەروەها ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ووتیشی: پرۆسەی پەروەردە پێویستی هەنوكەیی ناوەندەكانی خوێندنە كە بەداخەوە دەسەڵات زۆر بەرانبەر پرۆسەكە بێباكەو ئەوەی خەمی نیە پرۆسەی پەروەردەیەو پیلانی مەترسیدار بۆ بێ بەهاكردنی قیمە باڵاكان هەیەو دەبێ ئەم مەترسیانە بەجدی وەربگیرێن و دەبێت مامۆستایانی یەكگرتوو خەمی جدی بخۆن بۆ ڕێگریكردن لەبەردەم ئەو مەترسیانە، چونكە كۆمەڵگە ئەگەر بەها باڵاكانی لەدەستدا بەرەو داڕمانی ئەخلاقی و كەسایەتی دەڕوات، جێی داخە لەزۆر لاوە لاوان و قوتابیانی ئێمە لەژێر فشاری جۆراوجۆردان و كاردەكرێت بۆ لادانیان بۆیە دەبێت لە ناوەندەكانی خوێندن و لە پرۆسەی پەروەردە چارەسەری ئەم لادانە جۆراوجۆرانە بكرێت.
لەكۆتای دیدارەكەدا مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین جەختیكردەوە: ستەمی گەندەڵی و حكومڕانی نادروست و پێشێلكردنی مافی مامۆستایان هۆكاری بنەڕەتییە بۆ لاوازبونی پرۆسەی پەروەردەو پێگەیاندن، كۆمەڵگەی پێشكەوتو و گەشەسەندو لەقوتابخانەوە دەست پێدەكات و كاراكتەری ئەم پرۆسە گرنگەش مامۆستایانن، كە بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم بەرانبەر مامۆستایان و ڕۆڵی گەورەی مامۆستایان زۆر بێباكەو بێمنەتانە مامەڵە دەكات و ئەوەش ستەمێكی گەورەیە بەرانبەر بە مامۆستایان و قوتابیان و پرۆسەی خوێندن.