چوارچێوەی ھەماھەنگی: رێژەی یاسایی دانیشتنەکەی رۆژی شەممە تەواو نابێت

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-24 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

چوارچێوەی ھەماھەنگیی: "پێوییستە گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەردەوام بێت، بە ئامانجی یەکخستنی بیروبۆچوونەکان و بەدیھێنانی تێگەیشتنی زیاتر کە دەبێتە مایەی خێراکردنی تەواوکردنی دەستکەوتەکانی داھاتوو".

چوارچێوەی ھەماھەنگی کە شەش لایەنی شیعە لەخۆدەگرێت رایگەیاند، رێژەی یاسایی ئامادەبوون بۆ دانیشتنەکەی رۆژی شەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ تەواو نابێت و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەردەوام بێت، بە ئامانجی یەکخستنی بیروبۆچوونەکان و بەدیھێنانی تێگەیشتنی زیاتر کە دەبێتە مایەی خێراکردنی تەواوکردنی دەستکەوتەکانی داھاتوو.

چوارچێوەی ھەماھەنگیی ھەریەک لە ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانیی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانیی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە لەخۆدەگرێت.

چوارچێوەی ھەماھەنگی راگەیەندراوێکی لەبارەی پێشھاتەکانی پرۆسەی سیاسیی و دانیشتنەکەی رۆژی شەممەی ئەنجوومەنی نوێنەران تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێی عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە "داوا لە ھەموو ھاوبەشەکانمان لە پرۆسەی سیاسیی دەکەین کە بە ھەستێکی نیشتمانپەروەرانە و راستگۆیانە مامەڵە بکەن و ئاگاداری بەرژەوەندی نیشتمان بن و لە ھەموو ئەو ھۆکارانە دووری بخەینەوە کە دەبنە ھۆی نائارامی و ناسەقامگیرییەکەی، چونکە رۆژ لەدوای رۆژ نەھەمامەتییەکانی گەلەکەمان زیاد دەبێت".

چوارچێوەی ھەماھەنگی داوایشی لە لایەنە سیاسییەکان کردووە کە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و بە ھەستێکی نیشتمانیی ئەرێنیانەوە مامەڵە بکەن و ھاتووە "یەک لەسەر سێی مسۆگەرمان ھەیە بۆ راگرتنی ھەر پرۆژەیەک کە زیان بە مافی پێکھاتەکانی گەلی عێراق بگەیەنێت، لەوانەش پێکھێنانی گەورەترین فراکسیۆن، راستکردنەوەی ھەر لادانێک لە رێڕەوی پرۆسەی دیموکراسی، ئەوەش مسۆگەر بکرێت، کە نابێت ھیچ کەسێک پۆست وەربگرێت، کە باوەڕی بە یەکێتی و سەربەخۆیی عێراق نەبێت".

ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە رێژەی یاسایی ئامادەبوون بۆ دانیشتنەکەی رۆژی شەممەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ، تەواو نابێت و جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە پێویستە گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەردەوام بێت، بە ئامانجی یەکخستنی بیروبۆچوونەکان و بەدیھێنانی تێگەیشتنی زیاتر کە دەبێتە مایەی خێراکردنی تەواوکردنی دەستکەوتەکانی داھاتوو.

ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە دوێنێ چوارشەممە، ھاوپەیمانی سەروەریی و پارتی دیموکراتی کوردستان و فراکسیۆنی سەدر پێکھێنانی "ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان"یان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیاند.

سەرۆکی فراکسیۆنی سەدر لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، حەسەن عەزاری رایگەیاندووە کە رێبەر ئەحمەد کاندیدی ھاوپەیمانییەکەیە بۆ پۆستی سەرکۆمار و محەمەد جەعفەر سەدر کاندیدە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.

بڕیارە رۆژی شەممە ٢٦ی ئادار، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ بەڕێوەبچێت.