تا ئێستا ١٨٩ پەرلەمانتار خۆیان یەکلایی کردووه‌تەوە بۆ بەشداری کردن لە دانیشتنی پەرلەمان

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-26 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

بەمەبەستی بەشداری کردن لە دانیشتنی پەرلەمانی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆمار بەڕێوەبچێت، تا ئێستا چەند کوتلە و هاوپەیمانێتییەک خۆیان یەکلایی کردووه‌تەوە و بریاری بەشداری کردنیان داوە.

بەپێی ئەو راگەیەندراوانەی کە بڵاو کراونەتەوە تا ئێستا هەریەک لە کوتلەی سەدرییەکان (٧٣ كورسی)، هاوپەیمانی سیادە (٦٢ كورسی)، پارتی دیموکراتی کوردستان (٣١ كورسی)، هاوپەیمانی شەعبیە (٥ كورسی) کوتلەی تورکمانی (١ كورسی) هاوپەیمانی لەپێناو گەل (١٧ كورسی) بە مەرج بریاری بەشداری کردنیان داوە لە دانیشتنەکەی ئەنجومەنی نوێنەراندا کە ژمارەیان ١٨٩ کورسییه‌.

ئەمە لە کاتێکدایە کە بەپێی زانیارییەکان هەندێک لە پەرلەمانتارە سەربەخۆکانیش بریاری بەشداری کردنیان داوە لەو دانیشتنەدا کە ئەگەری هەیە ئەنجام بدرێت بۆ دیاری کردنی سەرکۆماری نوێی عێراق.

بۆ دەستپێکردنی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێویستە دوو له‌سه‌ر سێی پەرلەمان بەشداری دانیشتنەکە بکەن کە لەکۆی ٣٢٩ کورسی پەرلەمانیی دەکاتە ٢٢٠ کورسی.

لەنێو کوتلە کوردییەکانی نێو پەرلەمانیشدا هەریەک لە یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی هەڵوێستی خۆیان راگەیاندووە و بریاری بەشداری نەکردنیان له‌و دانیشتنەدا داوە.