کۆشکی سپی لێدوانێکی بایدن دەربارەی پوتین روون دەکاتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-27 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

کۆشکی سپی، ئەو لێدوانەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن، روون دەکاتەوە کە بە سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتینی گوتبوو "پێویستە ئەم پیاوە لە دەسەڵاتدا نەمێنێتەوە".

لەمبارەیەوە کۆشکی سپی راگەیاندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و، تیایدا لێدوانەکەی بایدن روونکراوەتەوە کە مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنابوو.

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە: "سەرۆکی ئەمریکا ویستوویەتی بڵێت کە رێگا نادرێت پوتین هێزی خۆی بەسەر دراوسێکانی و ناوچەکەدا بسەپێنێت. جگە لەمە هیچ باسێکی دیکەی دەربارەی هێزی پوتین لە رووسیا یان گۆڕانی رژێمی ئەو وڵاتەی نەکردووە".

جێی وەبیرهێنانەوەیە بایدن لەمیانەی سەردانێکیدا بۆ شاری وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا، لەبەردەم کۆشکی پاشایەتی ئەو وڵاتە کە لە کاتی جەنگی دووەمی جیهانیدا زیانێکی زۆری بەرکەوتبوو، گوتارێکی پێشکەشکرد و لەبارەی پوتینەوە رایگەیاند: "پێویستە ئەم پیاوە لە دەسەڵاتدا نەمێنێتەوە".