دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و وەزیری کاروباری ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیمارات، محەمەد قرقاوی یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنیان تایبەت بە ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و شارەزایی لە بواری نوێکردنەوەی کاروباری حکومەتداری واژوو کرد.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە مەسرور بارزانی و محەمەد قرقاوی یادداشتێکی لەیەکتێگەیشتنیان لەبارەی ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و شارەزایی لە بواری نوێکردنەوەی کاروباری حکومەتداری واژوو کردووە.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە بەپێی ناوەڕۆکی لەیەکتێگەیشتنەکەدا، ئاماژە بە پەیوەندی و ھەماھەنگیی بەھێزی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و ئیمارات کراوە کە لەو چوارچێوەیەدا، دەوڵەتی ئیمارات ھاوکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات لە پێشخستنی کاروبارەکانی حکوومەت، ھەروەھا برەودان بە توانا مرۆیی و دامودەزگاکانی حکوومەت و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی سەرکەوتووی ئیمارات لە بواری حکوومەتی ئەلیکترۆنی و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییەکان.
رۆژی ھەینی رابردوو سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ھەرێمی کوردستان گەیشتە ئیمارات ئەوەیش بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆڕبەندی جیھانیی وزە کە دوێنێ دووشەممە لە شاری دوبەی دەستی پێ کرد و ئەمڕۆیش کۆتایی ھات.
دوێنێ سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە میانی بەشدارییکردنی لە کۆڕبەندەکە رایگەیاند کە لە ماوەیەکی کەمدا، ھەرێمی کوردستان دەکەن بە ناوەند و سەرچاوەیەکی گرنگی وزە و جەختیشی کردەوە کە کوردستانێکی سەربەخۆ و بەھێز، ھەڕەشە نییە بۆسەر ھیچ لایەنێک.
مەسرور بارزانی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئیمارات بەشداریی دەکات لە لووتکەی جیھانی حکوومەتەکان کە ئەمڕۆ سێشەممە لە دوبەی دەستی پێ کرد.