هاوپه‌یمانیی عه‌ره‌بی له‌مڕۆوه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی له‌ یه‌مه‌ن راده‌گرێت

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

هاوپه‌یمانیی عه‌ره‌بی كه‌ پشتیوانی له‌ حكوومه‌تی یه‌مه‌ن ده‌كات رایگه‌یاند، له‌مڕۆوه‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌ یه‌مه‌ن راده‌گرێت.

ئاژانسی هه‌واڵیی فەرمی سعوودیه‌ بڵاوی كرده‌وه‌ كه‌ گوته‌بێژی هاوپه‌یمانیی عه‌ره‌بی، توركی مالیكی ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ ئه‌نجوومه‌نی هاریکاریی كه‌نداو به‌مه‌به‌ستی هێنانه‌ئارای كه‌شێكی گونجاو بۆ ده‌ستكردن به‌ راوێژ و راگۆڕینه‌وه‌ له‌باره‌ی یه‌مه‌ن داواكارییه‌كی له‌م جۆره‌ی هه‌بووه‌.

تورکی مالیكی به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ ویستراوه‌ له‌ مانگی ره‌مه‌زاندا، كه‌شێكی گونجاو به‌دی بهێندرێت و به‌م جۆره‌یش له‌ كاتژمێر ٠٦:٠٠ی به‌یانی ئەمڕۆ بەکاتی گرینیچ ئۆپه‌راسیۆنه‌كان راده‌گیرێن.

مالیكی تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌مه‌به‌ستی پشتیوانیكردن له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان به‌ رێگاچاره‌ی سیاسیی به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان، هاوپه‌یمانیی عه‌ره‌بی پابه‌ند ده‌بێت به‌ ئاگربه‌سته‌كه‌ و هه‌موو رێوشوێنه‌ك ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ سه‌ركه‌وتنی ئاگربه‌سته‌كه‌.

دوێنێ سكرتێری گشتیی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاریی كه‌نداو، نایف حەجرەف داوای كرد، هاوزه‌مان له‌گه‌ڵ راوێژ و راگۆڕینه‌وه‌ له‌باره‌ی یه‌مه‌ن له‌ ٢٩ی ئادار تا حەوتی نیسان ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌ندرێت.