دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر رایدەگەیەنێت ئەمسال بڕێکی زۆرتر خورما هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت و نرخەکەشی بەراورد بە ساڵانی پێشووتر دادەبەزێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی عەلوەی هەولێر، رەجەب عەزیز بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو وتی: "لە مانگی رەمەزاندا، خواست لەسەر خورما زۆر دەبێت، حکوومەتی ناوەند بەشێوەیەکی هەمیشەیی هەناردەکردنی خورمای بۆ هەرێم قەدەغە کردووە، هەندێک لە ئێرانەوە بە رێگای نایاسایی دەهاتە هەرێم و خەرجییەکی زۆری هەبوو کە نزیکەی چوار هەزار دیناری بۆ هەر کارتۆنێک دەخرایەسەر و ئەمەش بارگرانی بوو بەسەر خەڵکی هەژارەوە، بۆیە بەشێوەیەکی کاتی چارەسەری ئەوەمان دۆزیووەتەوە".
لەبارەی چارەسەرە کاتییەکە رەجەب عەزیز وتی: " لە ئەمڕۆوە تا ١٥ رەمەزان رێگا دەدرێت خورما لە ئێرانەوە هاوردەی هەولێر بکرێت بەبێ باج و گومرک".
ئاماژەی بەوەشكردووە: "دوای ئەم بڕیارە بێگومان نرخ دادەبەزێت و کارتۆنی نزیکەی سێ بۆ چوار هەزار دینار نرخەکەی کەمتر دەبێت، جگە لەوەش ساڵانی پێشوو لە مانگی رەمەزاندا، نزیکەی ٥٠٠ تۆن خورما لە هەولێر دەفرۆشرا چونکە خەڵک خواستی زۆری لەسەرە و ئەگەر خواستی زیاتری لەسەر بێت ئەوا دەتوانرێت بڕی زیاتر هاوردە بکرێت".
لەبارەی جۆرەکانی خورما و خواستی هاووڵاتییان، ناوبراو وتویەتی: "جۆری رووتاب خواستی زۆری لەسەرە، خورمای رەشی عێراقی هەیە کە ئەویشی خواستی زۆری لەسەرە و خەڵک بۆ دروستکردنی خورما و روون دەیکڕن، هەروەها جۆری سعوودی هەیە، بەڵام بەهۆی گرانی نرخەکەیەوە کە کیلۆی لە ١٣ بۆ ١٤ هەزار دینارە، خەڵکی هەژار کەمتر دەتوانی بیکڕێت".