نوری مالیکی: دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی ئێستا ئامادە دەکەین

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

سەرکردەی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی رایگەیاند کە دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسیی ئێستا ئامادە دەکەن کە دواتر لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە گفتوگۆی لەسەر دەکەن.

نوری مالیکی کە یەکێکە لە سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی لە تویتێکدا نووسیوویەتی: "ئەمڕۆ ئەوە سەڵمێندرا کە بەبێ چوارچێوەی ھەماھەنگی و ھاوپەیمانەکانی، ئەستەمە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆمار ئەنجام بدرێت".

راشیگەیاندووە "دەستپێشخەرییەکمان بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ قەیرانی سیاسیی ئێستا ئامادە کرد، ئەوەیش دوای ئەوەی ھاوپەیمانی سێقۆڵی نەیتوانی دەستپێشخەریی بە ئامانجی دۆزینەوەی رێگاچارەیەک بۆ واقعی ئێستا پێشکەش نەکرد تا پرۆسەی سیاسیی لە رووخان رزگار بکات".

سەرکردەی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی ھەروەھا نووسیوویەتی "ئەمڕۆ یان سبەی گفتوگۆ لەگەڵ ھاوپەیمانەکانمان ئەنجام دەدین بۆ ئەوەی دەستشێخەرییەک ئامادە بکەین تا لە داھاتوودا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە گفتوگۆی لەسەر بکەن".

ئەمەیش دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ بەھۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبووان ئەنجام نەدرا و بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.