نەتەوە یەكگرتووەكان: چوار ملیۆن ئۆكرانی پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی هاوسێ

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-30 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

كۆمیسه‌ری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری په‌نابه‌ران، فلیپۆ گراندی رایگه‌یاند: ژماره‌ی ئه‌و ئۆكرانییانه‌ی په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر وڵاتانی هاوسێ گه‌یشتووه‌ته‌ چوار ملیۆن كه‌س.

فلیپۆ گراندی له‌ هه‌ژماری فه‌رمیی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی تویته‌ر له‌باره‌ی ئه‌و مه‌ده‌نییانه‌ی به‌هۆی جه‌نگی رووسیا و ئۆكرانیاوه‌ كه‌ له‌ 24ی شوباته‌وه‌ ده‌ستی پێ كردووه‌، له‌سه‌ر ماڵوحاڵی خۆیان ده‌ربه‌ده‌ربوون زانیاریی نوێی بڵاوكرده‌وه‌، كۆمیسه‌ری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری په‌نابه‌ران تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی دوای پێنج هه‌فته‌ له‌ ده‌ستێپكردنی هێرشی رووسیا بۆسه‌ر ئۆكرانیا، ژماره‌ی ئه‌و ئۆكرانییانه‌ی چوونه‌ته‌ وڵاتانی هاوسێ گه‌یشتووه‌ته‌ چوار ملیۆن.

فلیپۆ گراندی به‌ تیشك خستنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ به‌مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی دیدار و كۆبوونه‌وه‌ چووه‌ته‌ ئۆكرانیاو نووسیوویه‌تی: له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ شاری لڤیڤ چۆنێتی زیادكردنی هاوكارییه‌كان تاوتوێ ده‌كه‌ین بۆ ده‌ربه‌ده‌ربووان و زیانبه‌ركه‌وتووانی ئه‌م جه‌نگه‌ بێمانایه‌.

لای خۆیشیه‌وه‌ كۆمیسیۆنی باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری په‌نابه‌ران رایگه‌یاندووه‌ له‌ 24ی شوبات تاكوو 29ی ئادار، چوار ملیۆن و 19 هه‌زار و 287 ئۆكرانی په‌نایان بردووه‌ته‌ به‌ر وڵاتانی هاوسێ و زیاتر له‌ نیوه‌ی ئه‌و ژماره‌یه‌یش روویان له‌ پۆڵه‌ندا كردووه‌.