پوتین: "ئەگەر بە رۆبڵ پاره‌ی گازی سرووشتیی نەدەن گرێبەستەکان راده‌گیرێت"

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-31 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئاشكرایكرد، بڕیارنامه‌ی تایبەت بە پێدانی پارەی گازی سرووشتیی رووسی بە رۆبڵ لەلایەن ئەو وڵاتانەی کە "دۆست نین" واژوو کردووە و گوتی: "ئەگەر پارە بە رۆبڵ نەدەن ئەوا گرێبەستەکان راده‌گیرێت".

ڤلادیمیر پوتین لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی کەرتی فڕۆکەوانی لە مۆسکۆی پایتەخت، باسی لە سزاکان و كاردانه‌وه‌كانی رووسیای لە بواری وزەدا كرد.

پوتین ئاماژەی بەوە کرد رووسیا ھەنگاوی بەرەو جێبەجێکردنی سیستمی پێدانی پارەی ھەناردەکردنی گازی سرووشتی بە رۆبڵ هاویشتووه‌ و گوتی: "ئەمڕۆ ئەو بڕیارنامه‌یه‌م واژوو کرد کە رێکارەکانی بازرگانیی گازی رووسی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دۆست نین دیاریی دەکات. بۆ کڕینی گازی رووسی دەبێت لە بانکەکانی رووسیا ھەژمارێک بە رۆبڵ بکەنەوە. ئەم ھەژماره‌ بانکییانە لە ١ی نیسانەوە بۆ پێدانی پارەی ئەو گازەی کە ھەناردە دەکرێت، بەکاردەھێندرێت".

سەرۆکی رووسیا جەختی لەوە کردەوە، لە ئەگەری نه‌دانی پارەی گاز بە رۆبڵ، ئەوا ھەناردەکردنی گازی سرووشتی راده‌گرن و گوتی: "ئەگەر پارەکان نەدرێن ئەمە لەگەڵ سەرجەم لێکەوتەکانی بە کەمتەرخەمی کڕیارەکان ھەژمار دەکرێت. کەس ھیچ شتێک بە ئێمە نافرۆشێت و ئێمەش کاری خێر ناکەین. ئەگەر پارەکان بە رۆبڵ نەدەن ئەوە گرێبەستەکان راده‌گیرێت".

ڤلادیمیر پوتین باسی لەوەش کرد کە وڵاتانی رۆژئاوا سیستمی دارایی وەکو چەکێک بەکاردەھێنن و گوتی: "سەرچاوەکانمان لەگەڵ بەکارھێنەرە ئەورووپییەکان رێکخست و ئەوان بە یورۆ پارەیان پێدەداین، دواتر ئەم سەرچاوانەیان راگرت. لەم چوارچێوەیەدا بەشێکی گازەکەمان بە بێ بەرامبەر رادەستی ئەورووپا کرد. بێگومان ئەمە بەردەوام نابێت".

پوتین راشیگەیاند ئەمریکا ھەوڵ دەدات دووبارە چارەسەری ئەو کێشانەی بکات کە خۆی درووستی کردووە و گوتی: "ھەڵاوسان لە وڵاتە ئەورووپییە پێشکەوتووەکان و ئەمریکا، ژمارەی پێوانەیی دەشکێنێت. لەلایەکیشەوە ھەوڵ دەدەن ھەڵەکانیان لە سیاسەتی ئابووریدا بەسەر ئێمەدا ساغ بکەنەوە، ھەموو کات بەدوای یەکێکدا دەگەڕێن بۆ ئەوەی تاوانباری بکەن".