ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-03-31 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

ئه‌مڕۆ پێنج شەممە بەرواری 31/3/2022 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو كۆبوونەوەی ئاسایی ئه‌نجامدا و له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند ته‌وه‌رێك گفتوگۆكرا.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان جەختی كردەوە "لەسەر ئەوەی كە حكومەت و لایەنە بەرپرسەكان پێویستە ئەركەكانی خۆیان بەرامبەر خەڵكی كوردستان بە باشترین شێوە جێبەجێبكەن و كۆتایی بەم دۆخە ناهەموارە بهێنن كە جگە لە خراپبوونی باری ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵكی كوردستان، بێزاری و نائومێدیش هەموو سنوورێكی بەزاندووە، هاوكات بووەتەمایەی شەرمەزاری و ناوزڕاندنی سومعە و شكۆی هەرێمی كوردستان و گەلەكەمان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان".

 

ده‌قی به‌لاغی كۆتای ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

 

بسم الله الرحمن الرحیم

بەلاغی كۆتایی كۆبوونەوەی ئاسایی

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

رۆژی پێنج شەممە بەرواری 31/3/2022 ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەسەرۆكایەتی بەرێز د. هادی عەلی سەرۆكی ئەنجومەنی سەركردایەتی و بە ئامادەبوونی بەرێز مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەكگرتوو كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

سەرەتا كۆبوونەوە تیشكی خستەسەر بارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراق و رووداو و پێشهاتەكان و كاریگەریەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان .. لەوبارەیەوە كۆبوونەوە هەڵوەستەی كرد لەسەر ئەو تەنگژەیەی رویكردۆتە پرۆسەی سیاسی لە عێراق و بە پێویستی دەزانێ كە لایەنە دەسەڵاتدارەكانی هەرێمی كوردستان وێڕای هەموو جیاوازیەكانیان، دەبوایە بەیەك بەرنامە و پرۆژەی نەتەوەیی و نیشتمانی هاوبەشەوە لە بەغدا مامەڵەیان لەگەڵ دۆخەكەدا بكردایە بەشێوەیەك مافە دەستوریەكانی هەرێم و شایستە دارایەكان و چارەسەركردنی كێشەی ناوچەكانی ماددەی (140)ی لە خۆ بگرتایە، نەك وەك ئێستا تەنها شەڕی پۆست و ئیمتیازاتی حزبی خۆیان بكەن ..

بێگومان هەڵوێست و تێڕوانینی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئاست ئەو پرسە گرنگ و هەستیارەدا هەڵقوڵاوی خەمخۆریەتی بۆ بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلەكەمان و دوورخستنەوەی مەترسیەكانە لەسەر هەرێم .. لەو سۆنگەیەوە راشكاوانە رایدەگەیێنین كە هەڵوێستی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دوورە لە چوونە ناو هەر ریزبەندی و ئەجێندایەكی دەرەكی و نەخوازراو، بەڵكو یەكگرتوو خاوەنی سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی خۆیەتی و وەك هەمیشە لە خزمەت بەرژەوەندیەكانی ئێستا و ئایندەی هەرێم بڕیار و هەڵوێستی وەرگرتووە...

لە بارەی دۆخی ناوخۆی هەرێمەوە كۆبوونەوە هەڵوێستەی كرد لەسەر لاوازكردنی رۆڵی پەرلەمان و شكستی حكومەت لە ئەنجامدانی هەر چاكسازیەكی راستەقینە لەسەرجەم بوارەكانی حوكمڕانیدا بەتایبەت سێكتەرەكانی كارەبا و رەخساندنی هەلی كار و دابینكردنی خزمەتگوزاریەكان و سوتەمەنی بە نرخێكی گونجاو و دابەشكردنی مووچە لەكاتی خۆیدا و بەشێوەیەك كەشكۆ و كەرامەتی موچەخۆران بە گشتی و خانەنشینان بە تایبەتی پارێزراوبێت.. لەكاتێكدا نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهاندا زۆر بەرزبۆتەوە و هیچ پاساوێك نەماوە بۆ درێژەدان بەم دۆخە خراپ و نەخوزاراوەی كە رووبەرووی موچە خۆران و توێژی خانەنشینان بۆتەوە ..

لەوبارەیەوە كۆبوونەوەی سەركردایەتی جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە حكومەت و لایەنە بەرپرسەكان پێویستە ئەركەكانی خۆیان بەرامبەر خەڵكی كوردستان بە باشترین شێوە جێبەجێبكەن و كۆتایی بەم دۆخە ناهەموارە بهێنن كە جگە لە خراپبوونی باری ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵكی كوردستان، بێزاری و نائومێدیش هەموو سنوورێكی بەزاندووە، هاوكات بووەتەمایەی شەرمەزاری و ناوزڕاندنی سومعە و شكۆی هەرێمی كوردستان و گەلەكەمان لەسەر ئاستی ناوچەكە و جیهان ..

لە تەوەرێكی تردا پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان خرایە بەرباس و تاوتوێكردن، كۆبوونەوە جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و بۆ ئەو مەبەستە پێویستە لەرێگای سازان لە نێوان فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بە زووترین كات یاسای هەڵبژاردنەكان هەموار بكرێت وكۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان كارابكرێتەوە و هەموو پێداویستیەكانی تر تەواو بكرێن بۆ ئەوەی بەهیچ پاساوێك ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا دوانەكەوێت .

هەر لەوباریەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی دەسەڵاتی تەواو دەدات بە ئەنجومەنی جێبەجێكردن و دەزگا بەرپرسەكانی تری حیزب بۆ ئەوەی هەموو ئامادەكاریەكی پێویست و رێكارێكی دروست بگرنە بەر بۆ بەشداربوونێكی كارا و بەهێز لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا.

لە كۆتایی دا كۆبوونەوە تیشكی خستە سەر كاروباری ناوخۆی حیزب و سوپاس و دەستخۆشی خۆی ئاراستەی سەرجەم ئۆرگان و دەزگا و مەڵبەندەكان كرد كە لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا كار و چالاكی نەوعی و گرنگیان ئەنجامداوە لە بوارەكانی بانگەواز و پەروەردە و رێكخراوەكاندا، هەروەها پارێزگاریكردن لە بەها باڵاكانی ئاینی ئیسلام و كۆمەڵگەی كوردەواری لە بەرامبەر شاڵاوی بەلارێدابردنی توێژەكانی كۆمەڵگە بە گشتی و لاوان و ئافرەتان بە تایبەت .

لەكۆتایی دا كۆبوونەوە هیوای خواست مانگی رەمەزانی پیرۆز بكرێتە باشترین دەرفەت بۆ بەهێزكردنی باشتری پرۆسەی بانگەواز و پەروەردە و قوڵكردنەوەی زیاتری دینداری راستەقینە و رەوشت و ئاكارەجوانەكان لەكۆمەڵگەی كوردستانیدا.

جارێكی تر ئەنجومەنی سەركردایەتی تەئكیدی كرەوە كە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەك هەمیشە بەرگریكارێكی دڵسۆز و بەهێزی بەرژەوەندیە باڵاكانی گەلەكەمان دەبێت و لەبەرەی پشتیوانیكردن لە ماف و داخوازیەكانی خەڵكی كوردستان دەبێت و لەو پێناوەدا ئامادەی هەموو جۆرە خزمەت و قوربانیدانێك دەبێت ..

ئەنجومەنی سەركردایەتی

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان