دیجیتاڵ میدیای سپێده
ڤایاچسلاڤ گلادكۆف سه‌رۆكی پارێزگای بێلگۆرۆدی ڕوسیا ڕایگه‌یاند، له‌ئه‌نجامی بۆردومانی دو هێلیكۆپته‌ری ئۆكرانیا ئاگرێكی گه‌وره له كێڵگه‌یه‌كی نه‌وت له‌سنوری شاری بێلگۆرۆد كه‌وتوه‌ته‌وه و به‌وهۆیه‌شه‌وه دو كه‌س برینداربون.
ڤایاچسلاڤ گلادكۆف له تویتێكدا له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی نوسیویه‌تی، "ئاگره‌ی بێلۆگۆرۆد له كۆگای كێڵگه‌یه‌كی نه‌وت كه‌وتوه‌ته‌وه، كه له ئه‌نجامی هێرشێكی ئاسمانی دوو هێلیكۆپته‌ری سه‌ربازی ئۆكرانی رویداوه له‌ناو خاكی روسیا".
وتیشی، "دوو بریندار هه‌یه كه كارمه‌ندی كۆگاكه‌ن، له‌ئێستاشدا چاره‌سه‌ری پێویستیان وه‌رگرتوه و ژیانیان له مه‌ترسیدا نییه".
تاوه‌كو ئێستا به‌رپرسانی دیكه‌ی حكومی و سه‌ربازی روسیا، هیچ راگه‌یه‌ندراوێكیان له‌باره‌ی چۆنیه‌تی هێرشه ئاسمانیه‌كه‌ی ئۆكرانیا بڵاونه‌كردوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه ئه‌مڕۆ 37 رۆژی ته‌واو به‌سه‌ر هێرشه‌كانی روسیا بۆسه‌ر ئۆكرانیا تێده‌په‌ڕێت و به فه‌رمانی راسته‌وخۆی ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی روسیا بڕیاری هێرشكردنه سه‌ر ئۆكرانیا له ژێر ناوی "پارێزگاریكردن له ناوچه‌كانی دۆنباس" جێبه‌جێكرا، ئه‌مریكا و وڵاتانی ئه‌وروپاش به‌مه‌به‌ستی رێگه‌گرتن له هێرشه‌كانی روسیا، به‌رده‌وامن له‌سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته‌دا.