دیجیتاڵ میدیای سپێده
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین ئەنجامدا.
بەپێی ئەو راگەیەندراوەی لە سەرۆکایەتی پەیوەندییەکانی سەربە سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بڵاوکراوەتەوە، لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممەی ھەردوو شاندی رووسیا و ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ کراوە.
ئەردۆغان لەمیانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا لەگەڵ پوتین رایگەیاندووە کە کۆبوونەوەکانی ھەردوو شاندی رووسیا-ئۆکرانیا لە ئیستانبوڵ بە ئەرێنی بە شێوەیەکی بونیاتنەر بەڕێوەچووە و ئەمەش ھیوای دەستەبەرکردنی ئاشتی زیندووکردووەتەوە.
سەرکۆماری تورکیا، جەختیشی لە گرنگی بەڕێوەچوونی گفتوگۆی لایەنەکان کردووە و راشیگەیاندووە کە بە کۆکردنەوەی پوتین و زێڵنسکی دەیانەوێ ھەوڵەکانی دەستەبەرکردنی ئاشتی بگەیەننە ئەنجام.
لەلایەکی دیکەش، سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین سوپاسی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی کردووە بەھۆی میوانداریکردنی کۆبوونەوەکانی ھەردوو شاندی رووسیا و ئۆکرانیا لە شاری ئیستانبوڵ کە سێشەممەی رابردوو لەو شارە کۆتایی پێهات.