دیجیتاڵ میدیای سپێده
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، رایگەیاند کە وڵاتەکەی بە بەهای ٣٠٠ ملیۆن دۆلار هاوکاریی سەربازی پێشکەش بە ئۆکرانیا دەکات.
جۆن کێربى گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)، ئاشکرای کرد هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پاڵپشتیکردن و بەهێزکردن سوپای ئۆکرانیا بەردەوامە و لەم چوارچێوەیەشدا وڵاتەکەی بڕیاریدا کاروانێکی هاوکاری سەربازی کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، زریپۆش و چەک و تەقەمەنی لەخۆدەگرێت، بۆ ئۆکرانیا رەوانە بکات.
کێربى جەختی لەوە کردەوە ناردنی هاوکاری سەربازی لەلایەن وڵاتەکەی گوزارشت لە گرینگی پاراستنی یەکپارچەیی خاک و سەروەریی ئۆکرانیا دەکات.
ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ١١ی ئادار ئەو بودجەی کە بڕەکەی ١٣،٦ ملیار دۆلار بوو، پەسند کرد کە تەرخانکرابوو بۆ هاوکاری کردنی ئۆکرانیا.
باس لەوەش دەکرێت ئەمریکا تاوەکو ئێستا بە بەهای ٢،٣ ملیار دۆلار هاوکاری پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە.
جێگەی باسە ئەمریکا داواکاری ئۆکرانیای لەبارەی راگەیاندنی ناوچەی دژە فڕین و ناردنی فڕۆکەی جەنگی رەتکردبووەوە.