دیجیتال میدیای سپێده
حکوومەتی ئۆکرانیا دوای رزگارکردنی ناوچەکانی ئیربین و بۆتچا و گۆستۆمیل، رزگارکردنی تەواوی ناوچەی کیێڤی لە بوونی سەربازیی رووسیا راگەیاند.
جێگری وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، ئانا مالیار لە هەژماری تایبەتی خۆی رزگارکردنی ناوچەکانی ئیربین و بۆتچا و گۆستۆمیل، رزگارکردنی تەواوی ناوچەی کیێڤی لە بوونی سەربازیی رووسیای راگەیاند.
لای خۆیەوە، سەرۆکی شارەوانی ئیربین، ئەلێکساندەر ماکۆسین، رزگارکردنی تەواوی شارەکەی لە بوونی رووسیا راگەیاند.
ئەلێکساندەر ماکۆسین لە راگەیەندراوەکەیدا راشیگەیاندووە کە دەستیان کردووە بە هەڵگرتنەوەی دار و پەردوو لە شارەکەدا و کار دەکەن بۆ گەیاندنی خۆراک و پێداویستی پزیشکیی بۆ ئەو مەدەنییانەی کە لە شارەکەدا ماونەتەوە و جەختی لەوەشکردەوە کە بەهۆی مەترسیی مین تاوەکو ئێستا شارەکە بەتەواوەتی ئارام نەبووەتەوە.
رۆژی ٢٤ی شوباتی رابردوو، سوپای رووسیا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بۆسەر ئۆکراینا دەست پێکرد، ئەمەش کاردانەی نێودەوڵەتیی بەدوای خۆیدا ھێنا و ژمارەیەک لە وڵاتان سزای ئابووری و دارایی قورسیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند.
رووسیا کۆتاییهێنانی ئۆپەراسیۆنەکەی بەستووەتەوە بە دەستبەرداربوونی ئۆکراینا لە پلانی ئەندامبوونی لە ناتۆ و پابەندبوونی بە بێلایەنیی تەواو، لە بەرامبەردا ئۆکراینا ئەم داوایەی رووسیا بە دەستوەردان لە سەروەریی وڵاتەکەی دادەنێت.