وەزیری نەوتی عێراق : گران كردنی سووتەمەنی لەهەرێم بەهۆی بەقاچاغ بردنەوەیە

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند، بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە هەرێم بەهۆی بەقاچاغ بردنیەوەیە، بەقاچاغ بردنەكە بۆ دەرەوەی سنوری عێراق نییە، بەڵكو بەشێكی وەك بەنزینی بازرگانی دەفرۆشرێت لەلایەن كۆمپانیاكانەوە.

(ئیحسان عەبدولجەبار) وەزیری نەوتی عێراق بۆ ئاژانسی فەرمی عێراق ڕایگەیاند، دروستبوونی قەیرانی سووتەمەنی لەبەشێك لە پارێزگاكاندا بەهۆی بەقاچاغ بردنیەوەیە، بەقاچاغ بردنەكە بۆ دەرەوەی سنوری عێراق نییە، بەڵكو بەشێكی وەك بەنزینی بازرگانی دەفرۆشرێت لەلایەن كۆمپانیاكانەوە.

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەیەك كۆمپانیای وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان هەیە كە پشكیان لە وێستگەكانی سووتەمەنی زیاترە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، وەزارەتی نەوت نرخی یەك لیتر بەنزین بە (450) دینارو غاز بە (400) دینار بە هاوڵاتیان دەفرۆشێت لەكاتێكدا نرخی جیهانییەكەی (1500) دینارە، بەڵام ئێمە پشتگیری نرخەكە دەكەین.

وەزیری نەوتی عێراق باسی لەوەشكردووە، هیچ چارەسەرێك نییە جگە لەبەرزكردنەوەی نرخەكەی، بەڵام هیچ نیازێكمان نییە بۆ ئەو كارە، چونكە ناتوانین لەوە زیاتر فشار بخەینە سەر توێژە هەژارەكەی كۆمەڵگە.