رووسیا: "لە شاری ئۆدیسا بۆردومانی پاڵاوگەی نەوت و عەمباری سووتەمەنیمان کرد"

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-03 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا، ئاشکرای کرد کە لە نزیک شاری ئۆدێسا باشووری ئۆکرانیا، بە مووشەکی هەستیار بۆردومانی پاڵاوگەی نەوت و عەمباری سووتەمەنی شارەکەیان کردووە.

ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە بارەی پێشهاتەکانی جەنگی رووسیا- ئۆکرانیا رایگەیاند "بۆ پێکانی ئامانجەکان لە ئۆکرانیا مووشەکی زۆر هەستیار بەکاردەهێنین، بەیانی ئەمڕۆش بە مووشەکی هەستیار لە زەوی و ئاسمانەوە بۆردومانی سێ عەمباری سووتەمەنی و پاڵاوگەیەکی نەوتمان کرد کە سووتەمەنی بۆ یەکە سەربازییەکانی ئۆکرانیا، دابین دەکات".

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی رووسیا باسی لەوەش کرد کە هێزە ئاسمانییەکانی رووسیا لە نزیک ناوچەکانی کودریاشۆڤکا و شورۆڤکا، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندوە و بەدرێژایی شەویش بۆردومانی ٥١ بنکەی سەربازی ئۆکرانیایان کردووە.

ئیگۆر کۆناشێنکۆڤ، گوتیشی: "تا ئێستا ١٢٥ فڕۆکەی جەنگی، ٨٨ هەلێکۆپتەر، ٣٨٣ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، ٢٢١ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی، هەزار و ٩٠٣ تانک و زرێپۆش، ٢٠٧ مووشەکهاوێژ، ٨٠٥ تۆپهاوێژ و هەزار و ٧٨١ ئۆتۆمبێلی سەربازیی ئۆکرانیامان تێکشکاندووە".