دیجیتال میدیای سپێده
شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن حەمزە بن حوسێن کە ساڵی رابردوو ناوی لە ھەوڵی ئەنجامدانی کودەتایەک تێوەگڵابوو، وازھێنانی لە نازناوی "شازادە" راگەیاند.
شازادەی جێنشینی پێشووی ئوردن حەمزە بن حوسێن، لە ھەژمارە خۆی لە تویتەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوەکەی حەمزە بن حوسێن-دا ھاتووە:
"دوای ئەوەی کە لە ساڵانی رابردوودا بینینم، گەیشتمە ئەوەی کە قەناعەتی کەسیم و ئەو نەگۆڕانەی کە باوکم لە ناخمدا چاندوویەتی و بەدرێژایی تەمەنم ھەوڵمدا پێوەیی پابەندبم لەگەڵ پەیڕە و ئاراستە و شێوازی نوێی دامەزراوەکانماندا ناگونجێت. لە روانگەی ئەمانەت بۆ خودا و ویژدانەوە جگە لە وازھێنان لە نازناوی شازادە زیاتر ھیچ نابینیم".
حەمزە بن حوسێن، ئاماژەی بەوەش کردووە کە خزمەتکردنی وڵاتەکەی و گەلەکەی لە رێگەی ئەم نازناوەوە بە درێژایی تەمەنی و ھەموو کات شەرەفمەندی بووە و جەختی لەوە کردەوە کە تاکو دەمێنێت لە ژیاندا ھەر وەکو ھەموو کاتێک بە راستی لەگەڵ ئوردن دەمێنێتەوە و لە ژیانی تایبەتیدا تاکو ھێزی ھەبێت خزمەتی گەل و ڵاتەکەی دەکات.
- داوای لێبوردنی لە شا عەبدوڵڵا کردبوو
شازادە حەمزە، کە لە ئوردن ناوی لە ھەوڵێکی کودەتادا تێوەگڵابوو، رۆژی ٦ی ئادار لە نامەیەکدا داوای لێبوردنی لە شا عەبدوڵڵا-ی برای کردبوو.
شازادە حەمزە، لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ساڵی رابردوو ئوردن "بە قۆناغێکی خەمناکدا تێپەڕی" و بە سایەی "ژیری، دانبەخۆداگرتن و لێبوردەیی" شا عەبدوڵڵا-ی دووەمەوە ئەو دۆخەیان تێیانپەڕاندووە.
لە نامەکەی شازادە حەمزە-دا ھاتبوو:
"برا گەورەم، من ھەڵەم کرد، تەنھا خوای گەورە ھەڵە ناکات. من بەرپرسیارێتی ئەو کردەوە و ھەڵسوکەوتە خراپ و ئاژاوەگێرییەی کە بە ئاراستەی خاوەن شکۆمان و وڵاتەکەمان لە ساڵانی رابردوودا کردوومە دەگرمە ئەستۆ. ئومێدەوارم لێبوردەیی ھەموو جارێکی خاوەن شکۆمانم".