21 په‌رله‌مانتاری كوردستان داوا دەكه‌ن پەرلەمان لەبارەی دابەشنەكردنی موچە كۆببێتەوە

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-04 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

21 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ باره‌ى دابه‌شنه‌كردنى موچه‌ى مانگى 3ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان و خراپى دۆخى هاوڵاتیان و راگرتنى كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان راگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌

ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه‌ 21 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ باره‌ى دابه‌شنه‌كردنى موچه‌ى مانگى 3ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان و خراپى دۆخى هاوڵاتیان و راگرتنى كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان راگه‌یه‌نراوێكی هاوبه‌شیان بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر پێنج ئه‌ندامه‌كه‌ى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو به‌شدارن له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌ و ده‌ڵێن: دوای باشبونی دۆخی دارایی و داهاتی هه‌رێم، دابه‌شنه‌كردنی موچه‌ی موچه‌خۆران له‌كاتی خۆیدا جێگه‌ی داخه‌و وه‌ڵام نه‌دانه‌وه‌ی كێشه‌كانی هاووڵاتیان له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌ریمه‌وه‌ جێگه‌ی سه‌رسوڕمانه‌، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ن په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كۆببێته‌وه‌.

21 ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان كه‌ فراكسیۆنى یه‌كگرتوو به‌شێكه‌ له‌راگه‌یه‌نراوه‌كه‌یاندا باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن: ڕاگرتنی كۆبونه‌وه‌كانی په‌رله‌مانى كوردستان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌، كوردستانی خستوه‌ته‌ دۆخێكی مه‌ترسیدار چونكه‌ ناكرێت له‌م دۆخه‌ خراپه‌ی ژیانی هاوڵاتیاندا، تاكه‌ ده‌زگای نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكیش كه‌ په‌رله‌مانى كوردستانه‌ به‌ ئه‌ركه‌كانی هه‌ڵنه‌ستێت و به‌پاساوی نایاسایی و ناڕه‌وا كارو كۆبونه‌وه‌كانی ڕاگرێت.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ى په‌رله‌مانتارانى كوردستان ئه‌وه‌ش هاتوه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ وێڕای سه‌ركۆنه‌ی ئه‌م سیاسه‌ته‌ چه‌وته‌ی حكومه‌ت، له‌ هه‌مانكاتدا داوا ده‌كه‌ین ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌ زویی كۆبونه‌وه‌كانی ده‌ستپێبكاته‌وه‌و وه‌ڵامگۆی داوا و ناڕه‌زایی خه‌ڵك بێت.