دیجیتاڵ میدیای سپێده
حکوومەتی عێراق بڕیاردا، ژمارەیەک بەرھەمی سەوزە میوە ھاوردە بکرێت، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی بەرھەمەکانیان کەم بووەتەوە و نرخەکانیان لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، حەمید نایف لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە بڕیاریدراوە بەرھەمەکانی تەماتە، پەتاتە، باینجان، خەیار ھاوردە بکرێن و رایگەیاندووە کە لەئێستادا، لەسەرجەم دەروازە سنوورییەکانەوە رێگا دەدرێت ئەو بەرھەمانە ھاوردە بکرێن.
باسی لەوەش کردووە کە ئەو بڕیارە دوای ئەو دراوە کە بەرھەمەکانی تەماتە، پەتاتە، باینجان و خەیار لەگەڵ ھاتنی مانگی رەمەزاندا کەمبوونەتەوە و نرخەکانیشیان لە بازاڕەکاندا بەرزبوونەتەوە و ھاتووە "ھاوردەکردنی ئەو بەرھەمانە بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی بەرھەمھێنانیان زیاد دەبن".
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە سیاسەتی وەزارەتی کشتوکاڵ، پاراستنی بەرھەمی خۆماڵییە، ئەوەیش لە رێگای جێبەجێکردنی رۆژمێری کشتوکاڵییەوە.
ماوەی یەک ھەفتەیە نرخی سەوزە و میوە لە بازاڕەکانی عێراقدا، بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە کە ئەوەیش رەخنەی ھاووڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە.