ديجيتال ميديای سپێده
دوا بە دوای بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی شاری بوچا باکووری ئۆکرانیا لەلایەن باڵیۆزخانەی رووسیا لە پاریس، فەڕەنسا باڵیۆزی رووسیا لە پاریس، ئەلیکسی میشکۆڤ بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد.
باڵیۆزخانەی رووسیا لە پاریس لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر لەژێرناونیشانی "سێتی فیلم، شاری بوچا" گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە کە تیایدا لە یەکێک لە کۆڵانەکانی شارەکە تانکیکی تێکشکاو و چەند رۆژنامەوانێک دەردەکەون.
وەزیری کاروباری یەکێتیی ئەورووپا لە حکوومەتی فەڕەنسا، کلیمێنت بیۆن دژ بەو بڵاوکراوەی باڵیۆزی رووسیا بە کۆمێنتێک کە نووسیبووی "شەرم داتان بگرێ، بوەستن" کاردانەوەی خۆی نیشان دا.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، جان ئیڤ لۆدریان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند "بەرامبەر بەو بڵاوکراوەی باڵیۆزخانەی رووسیا کە دژبە شاری بوچا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاوی کردووەتەوە، بڕیارم دا باڵیۆزی رووسیا بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە بکەم".
جان ئیڤ لۆدریان جەختی لەوە کردەوە، دژبە هەر هەوڵێکی چەواشەکاری لەو جۆرە دەوەستن کە دژبە ئۆکراینا ئەنجام بدرێت.
باڵیۆزی رووسیا لە پاریس، ئەلیکسی میشکۆڤ ٢٥ی ئادار بەهۆی بڵاوکردنەوەی کاریکارتێک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی توێتەر کە گوزارشتی لە ملکەچی ئەورووپا بۆ ئەمریکا دەکرد، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا کرابوو.