لە فەڕەنسا هەڵبژاردنی سەرکۆمار دەستی پێ کرد کە تیایدا ١٢ کاندید لەنێویشیاندا سەرکۆماری ئێستای وڵاتەکە، ئیمانوێل ماکرۆن بەشدارن.
فەڕەنسا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٦٧ ملیۆن کەسە، ٤٨،٧ ملیۆن دەنگدەری هەیە. پرۆسەی دەنگدان کاتژمێر ٠٨:٠٠ بەکاتی ناوخۆ دەستی پێ کرد و لە کاتژمێر ١٩:٠٠دا کۆتایی دێت. لە شارە گەورەکانیشدا تا کاتژمێر ٢٠:٠٠ دەتوانرێت دەنگ بدرێت.
بە بڕیاری حکوومەت، ئەو دەنگدەرانەی پشکنینی پەتای کۆرۆنایان پۆزەتیڤ دەرچووە بە مەرجی بەستنی دەمامک دەتوانن سەردانی ناوەندەکانی دەنگدان بکەن و دەنگ بدەن.
کۆمپانیاکانی توێژینەوە، دەتوانن لە کاتی داخستنی سندوقەکانی دەنگدانەوە دەست بکەن بە بڵاوکردنەوەی ئەنجامی پێشبینی کراوی هەڵبژاردنەکە. ئەنجامە فەرمییەکانیش لەلایەن دادگای دەستوورییەوە لە ١٣ی نیساندا بڵاودەکرێتەوە.
بەپێی راپرسی گشتی لەبارەی یەکەم خولی هەڵبژاردنەکە، پێشبینی دەکرێت سەرکۆماری ئێستا ئیمانوێل ماکرۆن و راستڕەوی توندڕەو، مارین لو پێن زۆرینەی دەنگەکان بەدەستنهێنن.
ئەگەر لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا، هیچ کام لە کاندیدەکان سەدا ٥٠ی دەنگەکانی بەدەستنەهێنا، ئەوا دوو کاندید کە زۆرترین دەنگیان بەدەستهێناوە لە ٢٤ی نیساندا بەشداری لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکەدا دەکەن و دەچنە کێبڕکێوە.
ئەو کاندیدەی سەرکەوتن بەدەست دەهێنێت، تا ١٣ی ئایار پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار بەدەست دەهێنێت.