دیجیتاڵ میدیای سپێده
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی ھاوپەیمانی عەزم، مەحمود حوسێن قەیسی بە ئامانجی چارەسەرکردنی ئەو قەیرانە سیاسییەی کە ئێستا عێراق بەرەڕووی بووەتەوە و گەیشتووەتە قۆناغێکی ھەستیار، دوای کرد ھەڵبژاردنەکان دووبارە ئەنجام بدرێتەوە.
مەحمود حوسێن قەیسی لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی "بە جیددی مامەڵە لەگەڵ پێشنیازی دووبارە کردنەوەی ھەڵبژاردنەکان دەکەین، چونکە ئەو قەیرانە سیاسییەی کە ئێستا عێراق بەرەڕووی بووەتەوە و گەیشتووەتە قۆناغێکی ھەستیار".
راشیگەیاندووە "پێویستە بۆ یەکلاییکردنەوەی قورسایی سیاسیی کاندیدان بگەڕێنەوە بۆ جەماوەر، بەتایبەتیش دوای ئەوەی دەنگدەران بۆ یەکەمجار ھەستیان کرد کە بە دەنگی ئەوان، کاندیدان دەتوانن بگەنە ئەنجوومەنی نوێنەران".
ناوبراو ئەوەیشی نووسیووە "ھەر کورسییەکی ئەنجوومەنی نوێنەران کە خزمەت بە دەنگدەرکەی نەکات، ھیچ بەھایەکی نییە".
ئەوەیش دوای ئەوە دێت ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە حەوتی شوباتی رابردوو، ھەروەھا ٢٦ و ٣٠ی مانگی ئاداری رابردوو، ھەوڵیدا سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێرێت، بەڵام ھەوڵەکانی سەرکەوتنی بەدەست نەھێنا، ئەوەیش بەھۆی رێک نەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان بە تایبەتیش ھاوپەیمانی رزگارکردنی نیشتمان و چوارچێوەی ھەماھەنگی لەبارەی یەکلاییکردنی پرسی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ.
ئەمەیش لە کاتێکدایە لە یەکی ئەم مانگە سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر بەھۆی ئەوەی نەیتوانی حکوومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبھێنێت، دەرفەتی ٤٠ رۆژی دایە لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی کە حکوومەتی سازانی نیشتمانی بەبێ رەوتی سەدر پێکبھێنن.
ناکۆکییەکانی رەتی سەدر لەگەڵ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی ھەماھەنگی (ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ھاوپەیمانی ھێزەکانی دەوڵەت، ھاوپەیمانی فەتح، بزووتنەوەی عەتا، بزووتنەوەی حقووق و پارتی فەزیلە)، پڕۆسەی سیاسی لە عێراق چەقبەستوو کردووە.
لەئێستادا چوارچێوەی ھەماھەنگی شاندێکی دانوستانکاری بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی پێکھێناوە بۆ ئەوەی لە رۆژانی داھاتوودا گفتوگۆگردن لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی نوێ سەردانی لایەنە سیاسییەکان بکات لەنێویاندا پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.