سیاسەتمەدارێک: هەرێمی کوردستان بەهێزە و دەبێ بەغدا ڕەچاوی ئەمە بکات

دوایین نوێکردنەوە 2019-12-02 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

سلێمانی-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد له‌باره‌ی دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی دەڵێت، هێشتا زووه باس لە پێشهاتەکان بکەین، چونکە ئەوە مێزی گفتوگۆیە بڕیار دەدات لە داهاتوودا چی بکرێت. چاودێرێكی سیاسیش ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، هەرێمی کوردستان خاوەن ئەزموون و دەستکەوتی گرنگی سیاسییە، بۆیە ده‌توانین لە هەر بارودۆخێکی ناهەمواردا بەبێ زیان دەربچین.

لە دوای خۆپێشاندان و گرژییه‌كانی به‌غدا و شاره‌كانی تری عێراق و له‌ژێر فشاری مه‌رجه‌عیه‌تی باڵای شیعه‌كاندا عادل عه‌بدولمه‌هدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی 29/11 ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران كرد و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.
چاودێران باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، عادل عه‌بدولمه‌هدی له‌ دوای ساڵی 2003ـەوە تاكه‌ سه‌رۆكوه‌زیران بووه‌ تێگه‌یشتنی بۆ مافه‌ ڕه‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌بووه‌ له‌ دوای گرژییه‌كانی چه‌ند ساڵی ڕابردوو له‌ ماوه‌ی یه‌ك ساڵی حوكمڕانیدا، هه‌وڵی داوه‌ كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات، هه‌رچه‌نده‌ له‌ژێر فشاری لایه‌نه‌ عێراقییه‌كانیشدا بوو.
د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو پێشهاتە باش نەبوو، چونکە عادل عەبدولمەهدی تێگەیشتنی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبوو و لە سەرۆکوەزیرانی کابینەکانی پێشووی عێراق باشتر بوو، بەڵام بە بڕوای من بۆ کەمبوونەوەی ئەو گرژی و ناکۆکیاینە وای کرد."
عوسمان لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی: "دەسلەکارکێشانەوەی بۆ هەرێمی کوردستان كاریگه‌ری دروست ناکات، چونکە هەرێمی کوردستان بەشێکی کاریگەری عێراقە و پێکهاتەیەکی گەورەیە، ناکرێ پشتگوێ بخرێت، بۆیە هەمواری دەستوور و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەبێ دەستەبەر بکرێ."
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: "جارێ زووە بۆ هەڵوێستەکردن لەبارەی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراقەوە، بەڵام ئەوە دیارە کە ئێستا هەرێمی کوردستان بەهێزە و دەبێ عێراقیش ئەوە ڕەچاو بکات."

ڕیبین ڕەحیم، چاودێری سیاسی لە شاری هه‌ڵه‌بجه‌، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان له‌وبارەیه‌وه‌ گوتی: "ئەو کیشانەی  لە دوای سالی  2003 سەریان هەڵداوە، بەدڵنیایی عادل عبدولمەهدی لێیان بەرپرس نەبووە، تاکو دەستلەکارکیشانەوەی ببێتە چارەسەر، بەڵکو هۆکاری دیکەی لەپشتە، کە بە بڕوای من، ڕەنگە خەمخۆری و زووهاتنەپێشی بووە لە هەر بارودۆخیکدا، بۆیە هەرێمی کوردستان لە مامەڵە لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی وەک سەرۆکوەزیران ڕازی بوو، چونکە تێگەیشتنی باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبوو، بۆیە لەو بڕوایەدام هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی وەهای هەیە له‌ هه‌ر بارودۆخێكی هاوشێوه‌دا بێزیان ده‌ربچێ."

ڕەحیم گوتیشی: "بێگومان هەرێمی کوردستان ئەزموونی تاڵی لەگەڵ بەشێکی  زۆری سەرۆکوەزیرانی عیراق هەیە و عادل عەبدولمەهدی باشترین سه‌رۆکوه‌زیران بووه‌ که‌ ددانی به‌ مافه‌کانی هه‌رێمی کوردستاندا ناوه،‌ بەڵام هه‌رێمی کوردستان کاری بۆ به‌دەستهێنانی مافه‌ ده‌ستوورییه‌کانی کردووە  به‌ سه‌ردانه‌کانی بۆ به‌غداد و کۆبوونه‌وه‌ له‌گەڵ دەسەڵاتدارانی عێراقدا، بۆیە هەرکەس ببێتە سەرۆکوەزیران دەبێ پابه‌ند بێت بە مافەکانی کوردستانەوە، چونکە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی یەکگرتووە و بیریشمان نەچێت، ئێمە خاوەنی ڕیفراندۆمین."
زریان کەمال