دیجیتال میدیای سپێده
نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوی کردەوە، تا ئێستا لانیکەم ھەزار و 793 کەسی مەدەنی لە جەنگی رووسیا-ئۆکرانیادا گیانیان لەدەستداوە، دوو ھەزار و 439 کەسی دیكهی مهدهنی برینداربوون و چوار ملیۆن و 503ھەزار و 954 پەنابەر روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا.
کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان (UNHCR)، لە راگەیەندراوێکدا ئاماری قەیرانی پەنابەرانی ئۆکرانیای بڵاوكردهوه کە لە سەرچاوەی جۆراوجۆرەوە بەدەستی ھێناوە.
بەپێی ئامارەکان، لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ ٩ی نیسان چوار ملیۆن و ٥٠٣ ھەزار و ٩٥٤ پەنابەر لە ئۆکرایناوە روویان کردووەتە وڵاتانی دراوسێی ئەو وڵاتە کە زیاتر لە نیوەی ئەو ژمارەیە پەنایان بۆ پۆڵەندا بردووە.
ئەوەش ئاشکراکراوە کە زۆرینەی ئۆکراینییەکان پەنایان بردووەتە بەر وڵاتانی دراوسێی وەکو پۆڵەندا بە (دوو ملیۆن و ٥٩٣ ھەزار و ٩٠٢) پەنابەر ، رۆمانیا (٦٨٦ ھەزار و ٢٣٢) پەنابەر، ھەنگاریا (٤١٩ ھەزار و ١٠١) پەنابەر، مۆڵدۆڤا (٤٠٤ ھەزار و ٤١٨) پەنابەر، سلۆڤاکیا (٣١٤ ھەزار و ٤٨٥) پەنابەر و بێلاڕووس (١٩ ھەزار و ٩٦) پهنابهر، ھاوکات لە ٢١-٢٣ی شوبات ١١٣ ھەزار کەس لە ناوچەکانی دۆنێتسک و لوھانسکەوە چوونەتە ناو خاکی رووسیا.
گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران، شابیا مانتۆ لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێر ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندبوو کە ژمارەکان بەھۆی ئەوەی ھەندێک پەنابەری ئۆکراینی لە نێوان وڵاتانی دراوسێ گەشیتان کردووە زۆرتر دهركهوتوون.
ئەوەش دەزانرێت کە سەدان ھەزار لەو پەنابەرانەی لە ئۆکرایناوە پەنایان بۆ وڵاتانی دراوسێ بردووە، لەوێوە بەرەو وڵاتانی دیکەی ئەورووپا رۆیشتوون.
لەلای خۆیەوە رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەی راگەیاند کە حهوت ملیۆن و ١٠٠ ههزار کەسی سڤیل لە ناوەوەی ئۆکراینا دەربەدەر بوون.
- لانیکەم ھەزار و ٧٩٣ کەسی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە
لەلایەکی دیکەوە لەو راگەیەندراوەی کە لە کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە، لە ٢٤ی شوباتەوە بۆ ٩ی نیسان لانیکەم ھەزار و ٧٩٣ کەسی مەدەنی بەھۆی شەڕی نێوان رووسیا-ئۆکراینا گیانیان لەدەستداوە و دوو ھەزار و ٤٣٩ کەسی دیکەش برینداربوون.
جهخت لهوهش كراوهتهوه كه ژمارهی كوژراو و بریندارهكان دهكرێت زۆر لهو ژمارانه بهرزتر بن كه تۆمار كراون.
نەتەوەیەکگرتووەکان لە ئۆکراینا تەنھا ژمارەی ئەو قوربانییە مەدەنییانە رادەگەیەنێت کە دهتوانێت پشتڕاستیان بكاتهوه. بەپێی ئاماری لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئۆکراینا ژمارەی قوربانییە مەدەنییەکان زۆر لهو ژمارانه زیاترن.