سندوقی ھاریکاری منداڵانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان: " دوو لەسەر سێی منداڵانی ئۆکرانیا ئاوارەبوون"

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-12 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

سندوقی ھاریکاری منداڵانی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان (UNICEF)، ئاشکرایکرد دوو لەسەر سێی منداڵانی ئۆکرانیا بەھۆی ئەو جەنگەی کە رووسیا دەستیپێکردووە ئاوارەبوون.

بەڕێوەبەری پرۆگرامەکانی دۆخی لە ناکاوی UNICEF، مانوێل فۆنتاین لە میانی گوتارێکیدا لە دوای سەردانێکی بۆ ئۆکراینا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند لە ئاکامی ئەو شەڕەی کە لە ٢٤ی شوباتەوە لە ئۆکراینا بەردەوامە ١٤٢ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و ٢٢٩ منداڵیش برینداربوون.

فۆنتاین، ئاماژەی بەوە کرد کە ھەست بە نیگەرانی لەوە دەکەن کە نیوەی ئەو ٣،٢ ملیۆن منداڵەی کە مەزەندە دەکرێت لە وڵاتەکەدا ماونەتەوە خۆراکی پێویستیان بەدەست ناکەوێت و جەختی لەوە کردەوە کە بەھۆی ھێرشەکانی سەر ژێرخانی شارەکان ١،٤ ملیۆن کەس لە ئاوی خواردنەوە بێبەش بوون.

فۆنتاین، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە دۆخی ماریوپۆل و ھەرسۆن زۆر خراپترە و باسی لەوە کرد کە داخستنی خوێندنگاکان لە سەرانسەری وڵاتەکە کاریگەری لەسەر ٥،٧ ملیۆن خوێندکار کردووە.

- بانگەشەکانی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی زیادیکردووە

لەلای خۆیەوە، بەڕێوەبەری ئۆکراینای یەکێتی ژنانی نەتەوەیەکگرتووەکان، سیما باھۆوس ئاماژەی بەوە کرد کە بانگەشەکانی دەستدرێژی و توندوتیژیی سێکسی زیادیکردووە و داوای لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنەی لەسەر ئەم بانگەشانە کرد.

ھاوکات نوێنەری ھەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لیندا تۆماس گرینفیڵد ئەوەی راگەیاند کە سەدا ٩٠ی پەنابەرە ئۆکراینییەکان ژن و منداڵانی کچ بوونە و سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا کە بەپێی لێدوانی بەرپرسە خۆجێییەکان ھەندێک لە ژنان و منداڵانی کچی ئۆکراینی بۆ دەربازبوون لە دەستدرێژی سەربازەکانی رووسیا پرچیان کورت کردووەتەوە.

لە بەرامبەردا، جێگری نوێنەری ھەمیشەیی رووسیا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، دیمیتری پۆلیانسکی سەبارەت بەو بانگەشانە ئەوەی راگەیاند کە "چەند درۆیەکە" بۆ "نەھێشتنی ئیعتباری" ھێزەکانی رووسیا.