دیجیتال میدیای سپێده
سەرۆكی بانكی جیهانی ڕایدەگەیەنێت، بانكی جیهانی پاكێجێكی پشتیوانی بە بڕی یەك ملیار و نیو دۆلار ئامادە دەكات بۆ هاوكاری ئۆكرانیا.
ئەمڕۆ سێ شەممە دەیڤد مالپاس سەرۆكی بانكی جیهانی لە وارشۆ ڕایگەیاند، پاكێجەكە بە ڕەزامەندی دیاریكردنی بڕی یەك ملیار دۆلار لە یارمەتیەكانی دامەزراوەی نێودەوڵەتی گەشەپێدان كە بە IDA ناسراوە بۆ ئۆكرانیا دابینكرا كە لەلایەن وڵاتانی بەخشەر و وەرگرەوە دەبرێت بەڕێوە.
وتیشی"هەروەها 100 ملیۆن دۆلاریش لەلایەن هەمان دامەزراوەوە بۆ ماڵدۆڤا دابینكرا".
ئاشكراشیكرد، "بانكی جیهانی لە ساڵی 1944 دامەزراوە بۆ یارمەتیدانی ئەوروپا لەپێناو بوونیادنانەوەی پاش جەنگی دووەمی جیهانی، وەكچۆن لەوكاتەدا كردمان ئێستاش ئامادەین بۆ یارمەتیدانی ئۆكرانیا بۆ بوونیادنانەوە لە كاتی خۆیدا."
لای خۆشییەوە وتەبێژێك بەناوی بانكی جیهانی ڕایگەیاند، پلانەكە هێشتا پێویستی بە ڕەزامەندی تەواوەتی هەیە لە لایەن دەستەی بەڕێوەبەرانی بانكی جیهانی لە چەند هەفتەی داهاتوودا.
سەرۆكی بانكی جیهانی ڕوونیشیكردەوە، بانكی جیهانی لە پەیوەندییەكی نزیكدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ئۆكرانیا بۆ دەستەبەركردنی پشتیوانی و كاردەكات بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی ئۆكرانیا و ئەو وڵاتانەشی كە میوانداری پەنابەرەكانیان كردوون.