ئاگرێك له‌كه‌مپێكی ئاواره‌كانی زاخۆ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ گه‌نجێك گیان له‌ده‌ستده‌دات

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-14 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتال میدیای سپێده‌

ئاگرێك له‌ كه‌مپێكی ئاواره‌كان له‌ زاخۆ ده‌كه‌وێته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ سێ كه‌س سوتاون و به‌هۆی زۆری رێژه‌ی سوتاویه‌كه‌شه‌وه‌ یه‌كێك له‌ برینداره‌كان مردوه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كان، ئه‌مشه‌و ئاگرێك له‌ خێمه‌كانی كه‌مپی چه‌مشكۆی تایبه‌ت به‌ ئێزیدیه‌كانی قه‌زای شه‌نگال كه‌وتوه‌ته‌وه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك خێمه‌ گڕیانگرتوه‌ و له‌ئه‌نجامیشدا سێ كه‌س سوتاون و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كراون.

هه‌ر به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كان "گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 26 ساڵان پاش گه‌یاندنی بۆ نه‌خۆشخانه‌ و به‌هۆی زۆری رێژه‌ی سوتاویه‌كه‌یه‌وه‌ كۆتایی به‌ژیانی هاتوه‌".

له‌ ئێستادا تیمه‌كانی به‌رگری شارستانی گه‌یشتونه‌ته‌ كه‌مپی چه‌مشكۆ و توانیویانه‌ ئاگره‌كه‌ كۆنتڕۆڵ بكه‌ن، به‌پێی لێكۆڵینه‌وه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیش، پێده‌چێت ئاگره‌كه‌ به‌هۆی شۆرتی كاره‌باوه‌ دروست بوبێت.