هەولێر-KDP.info- قەدەغەی ھاتوچۆ لەپێناو خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا کاریگەریی لەسەر نەمانی قەڵەباڵغی و بەریەککەوتنی ھاووڵاتیان ھەبووە، بەمەش ھەنگاوێکی باش نراوە بۆ ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و ھاووڵاتیان دەخوازن ماوەی قەدەغەی ھاتوچۆ بەردەوام بێت، ئەوەش بۆ زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی کۆرۆنادا.
ستار چۆچانی، ئەفسەری ھێزەکانی پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "قەدەغەی ھاتوچۆ کاریگەریی زۆری ھەبووە لەسەر ھەنگاوەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، چونکە لانیکەم بەریەککەوتنی ھاووڵاتیان نامێنێ، یانیش زۆر کەم دەبێتەوە، بۆ ٢%، ئەوەش کاریگەریی ھەیە لەبەردەم بڵاونەبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا."
ئەفسەرەکەی پێشمەرگە دەڵێت: "مانەوەی ھاووڵاتیان لە ماڵەوە چەندین سوودی دیکەیشی ھەبووە، لەوانە بە وەستانی جووڵەی ئۆتۆمبێڵەکان و کارگەکان، ژینگەش خاوێن بووتەوە، ئەوەش دیسان کاریگەریی لەسەر کەمکردنی زیانەکانی کۆرۆنا ھەیە، چونکە کۆرۆنا لە ژینگەی خاوێندا زۆر گەشە ناکات."
بڕیار محەمەد، ڕۆژنامەنووس، ھەمان بۆچوونی ھەیە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: 'پێم وایە درێژکردنەوەی ماوەی قەدەغەی ھاتوچۆ دوو لایەنەیە، لە لایەک ھاووڵاتیان دەپارێزن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە لایەکی دیکەوە کار و کاسپی وەستاوە و پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان چارەسەرێک بۆ خەڵکی کرێنشین ببینێتەوە بۆ ئەوەی ئەوانیش زەرەرمەند نەبن."
ڕێبوار گەردی گەنجێکی شاری ھەولێرە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "بە پێویستی دەزانم ماوەی قەدەغەی ھاتوچۆ لە شارەکان درێژ بکرێتەوە بۆ کاتێکی زیاتر، لەبەر ئەوەی تاکە ھۆکارە دەمانپارێزێت لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و وەک زاناکان دەڵێن، باشترین چارەسەر ئەوەیە ھاووڵاتی لە ماڵەکەی خۆیدا بمێنێتەوە."
قائید میرۆ