ئه‌مریكا: تا ئێستا هیچ پێشكه‌وتنێك له‌ گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ ئێران به‌دینه‌هاتوه‌

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-15 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

دیجیتاڵ میدیای سپێده‌

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، تا ئێستا هیچ پێشكه‌وتنێك له‌ گفتوگۆكان بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ ناوه‌كییه‌كه‌ی ساڵی 2015 له‌گه‌ڵ ئێران به‌دینه‌هاتوه‌ و سزاكانی سه‌ر ئه‌و وڵاته‌ش له‌جێگه‌ی خۆیان ماونه‌ته‌وه‌.

نێد پرایس، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانیدا له‌باره‌ی دانوستانه‌كانی نێوان واشنتن و تاران، رایگه‌یاند، "هه‌ندێك هه‌واڵ و راپۆرت سه‌باره‌ت به‌ سوككردنی سزاكانی سه‌ر تاران بڵاوده‌كرێنه‌وه‌، هه‌ڵه‌ن، تا ئێستا هیچ پێشكه‌وتنێك له‌ گفتوگۆكان بۆ زیندوكردنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ ناوه‌كه‌ییه‌كه‌ به‌دینه‌هاتوه‌".

نێد پرایس هه‌روه‌ها هه‌مو ئه‌و راپۆرتانه‌ی ره‌تكرده‌وه‌ كه‌ باس له‌ ئازادكردنی سه‌رمایه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌كه‌ن كه‌ له‌ وڵاتان سڕكراون و وتی، "نه‌ هاوبه‌شه‌كانی ئه‌مریكا هیچ پاره‌یه‌كی سڕكراوی ئێرانیان ئازاد كردوه‌ و نه‌ ئه‌مریكاش هیچ هه‌نگاوێكی له‌و جۆره‌ی په‌سه‌ندكردوه‌".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ پێشتر تاران رایگه‌یاند، به‌مزوانه‌ ملیاران دۆلار وه‌رده‌گرێت كه‌ پێشتر له‌ بانكه‌كانی ده‌ره‌وه‌دا ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیرابو، 13ی ئه‌م مانگه‌، حسێن ئه‌میرعه‌بدولله‌هیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ هاوتا عێراقییه‌كه‌ی وتی، "رێككه‌وتنی سه‌ره‌تایی ئه‌نجامدراوه‌ بۆ ئازادكردنی پاره‌كانی ئێران له‌لایه‌ن بانكێكی جیهانییه‌وه‌" به‌ڵام وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ بڕیاری له‌وجۆره‌ نه‌دراوه‌.