خەندان-
لەکاتی دەرچونێکی ئاسایی هێزەکانی روسیا لەنزیک سنورەکانی تورکیا، بۆمبێکی چێنراو بەقافڵەی هێزەکانی روسیادا تەقییەوە و بەهۆیەوە سێ ئەفسەر برینداربون.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دوشەممە لەمیانەی گەڕان و پشکنینێکی ئاسایی لەباکوری سوریا نزیک سنورەکانی تورکیا، بۆمبێکی چێنراو بەهێزەکانی روسیادا تەقییەوەو بەهۆیەوە سێ ئەفسەری ئەو سوپایە برینداربون.
برینی ئەفسەرەکان سەخت نیە
بەگوێرەی زانیارییەکان، بۆمبەکە لەنزیک کۆبانێ تەقیوەتەوە و سەرچاوەیەکیش لەوەزارەتی بەرگری روسیا رایگەیاندوە برینی ئەفسەرەکان سەخت نیە.
لەمانگی ئۆکتۆبەری رابردو، هەریەک لەروسیا و تورکیا رێککەوتنێکیان بۆ دورخستنەوەی هێزە کوردییەکان لەسەر سنوری تورکیا واژۆکرد و پاش ئەو رێککەوتنەش، هەریەک لەهێزەکانی ئەو دو وڵاتە ناوبەناو دەورییەی هاوبەش لەسەر سنورەکانی تورکیا و سوریا ئەنجامدەدەن.