- ئەمریکا ئەو بانگەشانەی رەتکردەوە کە گوایە رێککەوتن کراوە بۆ وەرگرتنەوەی پارە بلۆککراوەکانی ئێران کە بڕەکەی حەوت ملیار دۆلارە.
بەپێی ئەو ھەواڵانەی لە میدیاکانی ئێران بڵاوکراوەتەوە، بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئەو رێککەوتنەی ئەنجامدراوە بەشێکە لەو دانوستانانەی کە پرسی ئازادکردنی ژمارەیەک ھاووڵاتیی ئێرانی-ئەمریکی کە لە ئێران بەندکراون، دەخاتە ژێر گەرەنتییەوە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، نێد پرایس رایگەیاند کە گفتوگۆییەکانی پەیوەندیدار بە ئازادکردنی بەندکراوەکان درێژەی ھەیە و راشیگەیاند کە دانوستانەکانی ناوەکی ھاوتەریب لەگەڵ ئەم پرسە بەردەوامە.
نێد پرایس ئەوەشی خستەڕوو کە تا رێککەوتنی ھاوبەرامبەر لەسەر پرسی پلانی چالاکی ھاوبەشی فراوان کە لە ساڵی ٢٠١٥ ئەنجامدراوە، ئەمریکا سەرجەم سزاکان وەک خۆی دەھێڵێتەوە.
نێد پرایس گوتیشی: "لەم ھەنگاوەدا ھیچ کام لەم دانوستانانە سەرکەوتوو نەبووە".
لایەنی ئێرانی لە رێککەوتی ١١ی نیساندا بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە بەشێکی ئەو حەوت ملیارەی خۆی کە لەلایەن کۆریای باشوورە بلۆک کراوە، تا کۆتای ھەفتە وەردەگرێتەوە.
پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەعید خەتیبزادە رایگەیاندبوو کە بەمەبەستی کردنەوەی ئەو پارە بلۆککراوە، ھەماھەنگی پێویست تەواوبووە و رێککەوتنی لەسەر کراوە.
ئێران زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلاری لە وڵاتانی کۆریای باشوور، عێراق، ژاپۆن و کەنەدا و چەند وڵاتێکی دیکە بلۆککراوە.
ئەم پارانە لە دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ناوەکی لە ساڵی ٢٠١٨ و دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان بەسەریدا لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، بلۆک کرابوو.