ئیدارەی دوكان: لەگەڵ ئەمساڵدا سێیەم ساڵی وشكە ساڵی دەبێت لەسەر یەك

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

ئیداره‌ى به‌نداوى دوكان پێشبینى ده‌كه‌ن، كه‌ئه‌مساڵ وشكه‌ ساڵى پێ بنێته‌ سێیه‌م ساڵى له‌سه‌ر یه‌ك، كه‌كۆتایى ئه‌م مانگه‌ ده‌بێته‌ ژووانى راگه‌یاندنى دۆخى ئاو له‌عێراق دا.

كۆچه‌ر جه‌مال به‌رێوه‌به‌رى به‌نداوى دوكان رایگه‌یاندوه‌: ئاوى به‌نداوه‌كه‌ رۆژانه‌ به‌رێژه‌ى دوو سه‌نتیم زیاد ده‌بێت، كه‌ئه‌مه‌ش روبعێكى ئه‌و ئاوه‌یه‌ كه‌له‌هه‌موو ساڵێك له‌و كاته‌دا گڵده‌دات. وگوتى: كه‌مى بارانبارین له‌مانگى شوبات وئادار وله‌نیسانیش هاتنى شه‌پۆڵى گه‌رما بۆته‌ هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى رێژه‌ى ئاوى به‌نداوه‌كه‌.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكردوه‌: ئه‌و ئاوه‌ى له‌به‌نداوه‌كه‌ دا هه‌یه‌ بۆ مانگه‌كانى كانوونى یه‌كه‌م ودووه‌مى رابردوو ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، وئاشكرایكرد: رێژه‌ى ئاوى به‌نداوه‌كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ دوو ملیار و 840 ملیۆن مه‌تر چوارگۆشه‌، كه‌ 41%ى رێژه‌ى گشتى ئاوى به‌نداوه‌كه‌ پێكده‌هێنێت.

راشیگه‌یاند: زیادكردنى رۆژانه‌ى ئاو له‌به‌نداوى دوكان زۆر كه‌مه‌، كه‌سه‌رچاوه‌كه‌ى له‌توانه‌وه‌ى به‌فره‌وه‌ دێت، وجه‌ختیشى كرده‌وه‌، كه‌ئه‌مساڵ ده‌بێته‌ سێیه‌م ساڵى وشكه‌ ساڵى له‌سه‌ر یه‌ك له‌سه‌رانسه‌رى وڵاتدا، وكۆتایى ئه‌م مانگه‌ش ژووانى راگه‌یاندنى دۆخى ئاو ده‌بێت له‌عێراق به‌گشتى.

به‌پێى به‌رنامه‌ى ژینگه‌یى سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان، عێراق له‌رێزبه‌ندى پێنجه‌م دێت له‌لیستى ئه‌و وڵاتانه‌ى كه‌زۆرترین كاریگه‌رى گۆڕانكارییه‌كانى كه‌ش وهه‌وا ده‌یانگرێته‌وه‌، كه‌ساڵانه‌ كورتهێنانى ئاو ده‌گاته‌ 11 ملیار مه‌تر چوارگۆشه‌، به‌هۆى كه‌مبوونه‌وه‌ى ئاوى رووباره‌كانى دیجله‌ وفۆرات.