هەولێر-KDP.info- حكوومەتی ھەرێمی كوردستان پێنج ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆی درێژ كردەوە و نووسەرێكیش دەڵێت، تاکە چەکی کاریگەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا، قەدەغەی هاتوچۆ و نەھێشتنی بەریەککەوتنی ھاووڵاتیان و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانە.
نیاز حاجی، نووسەر و چاودێر، سەبارەت بە درێژکردنەوەی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "من بەپێویستی دەزانم و بڕیارەکە لەجێی خۆیدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ئەوە بۆ ھەموو لایەک سەلمێنرا كە تەنھا ڕێگا بۆ کۆنتڕۆڵکردن و کەمبوونەوەی تووشبوون بەم ڤایرۆسە، سنوردارکردن و کەمکردنەوەی جووڵەی خەڵکە، ئەوەی تێبینیمان كردووە ژمارەی توشبووانی نوێ زۆر زۆر کەم بووەتەوە، ئەگەر بەریەککەوتن ڕوو نەدات دەکرێ پەتاكە سنوردار بکرێت."
نیاز حاجی دەشڵێت: "لەسەر ئاستی جیھان ئەم پەتایە بە فراوانی بڵاو بووەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژیش ژمارەی توشبووان ڕووی لە زیادبوونە، ئەو وڵاتانەی بە خەمساردیەوە لەو پەتایەیان ڕوانی، دەبینین کە دۆخی تەندروستیی ھاونیشتمانیان بە ئاستێکی مەترسیدار گەیشتووە، ئەگەر پێشتر ھاوشێوەی حکوومەتی ھەرێم ئەو ڕێوشوێنانەیان بگرتایەتە بەر، بەم دۆخە مەترسیدارە نەدەگەیشتن و دۆخەکەیان لە کۆنتڕۆڵکردن دەرنەدەچوو."
ئەو نووسەرە پێی وایە، تاکە چەکی کاریگەر بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆس و پەتایە، قەدەغەی ھاتوچۆ و نەھێشتنی بەریەککەوتنی ھاووڵاتیانە و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانە، لە چین و ھەرێمی کوردستان ئەو ڕاستیە بۆ ھەموو لایەک سەلما."
لە كوتاییدا، نیاز حاجی داوا دەكات، سەرجەم ھاووڵاتیان پابەندیی زیاتر بە ڕێکارەکانی خۆپارێزیەوە بگرنە بەر، تا بە باشترین شێوە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە سنووردار بکرێت، ئەگەر وا نەکەین ئەوا ھەم کارەسات ڕوو دەدات و ھەم بابەتەکە درێژە دەکێشێت.
ھەكار ھەركی