وڵاتانی عەرەبی ئیدانەی هێرش کردنە سەر مزگەوتی ئەقسا دەکەن

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-16 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌

وڵاتانی سعوودیە، یەمەن، ئیمارات، عێراق و لیبیا، ئیدانەی هێرشی هێزەکانی ئیسرائیلیان بۆسەر مزگەوتی ئەقسا کرد.

لەو بارەیەشەوە وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە، کاردانەوەی بەرامبەر رووداوەکانی بەیانی دوێنێی مزگەوتی ئەقسا دەربڕی و لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو کە ئەم کارەی ئیسرائیل هەوڵێکی سیستەماتیکییە بۆ زیادکردنی گرژییەکان و پەلامارێکی ئاشکراشە بۆسەر پێگەی مزگەوتی ئەقسا.

وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردوە لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی ئیسرائیلدا بەرپرسیارییەتی خۆی بەجێبهێنێت.

- یەمەن
وەزارەتی دەرەوەی یەمەن، لە راگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆسەر مزگەوتی ئەقسا و نوێژخۆنان کردوە.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە پەلامارەکەی ئیسرائیل هەوڵێک بووە بۆ جوڵاندنی هەستی هەموو موسڵمانانی جیهان بە ئاڕاستەیەکی مەترسیداردا، داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە گەلی فەڵەستین، لە پەلامارەکانی ئیسرائیل، بپارێزێت.
- ئیمارات
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە راگەیەندراوێکدا بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆسەر هاووڵاتییانی مەدەنی مزگەوتی ئەقسا کرد.
لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە بەرپرسانی ئیسرائیل کراوە رێز لە پەرستشگەکانی فەڵەستینییەکان بگرن و داگیرکارییەکانیان بۆسەر مزگەوتی ئەقسا بوەستێنن.
- عێراق
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراێکدا ئیدانەی توندوتیژییەکانی ئیسرائیلی کردوە کە بوونەتە هۆی برینداربوونی هاووڵاتییانی مەدەنی.
لە راگەیەندراوەکەشدا ئیدانەی هەموو هاندانێک بۆ هێرشکردنە سەر شوێنێکی پیرۆزی وەک مزگەوتی ئەقسا کراوە و داواش کراوە بەزووترین کات هەوڵی رێگری کردن لە تەشەنەی خێرا و مەترسیداری رووداوەکان بکرێت.
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە عێراق هەمیشە پشتیوانی گەلی فەڵەستین دەکات.
- لیبیا
ئەنجومەنی باڵای دەوڵەتی لیبیا لە راگەیەندراوێکدا کاردانەوەی توندی دژ بە هێرشکردنە سەر مزگەوتی ئەقسا، نیشاندا.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە ئەم پەلامارانە نیازیان لە ناوبردنی هەموو شتێکی تایبەت بە موسوڵمانەکانە.
جێی وەبیرهێنانەوەیە دوێنێ لە ئەنجامی هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا لەلایەن پۆلیسی ئیسرائیلەوە، ١٥٢ فەڵەستینی برینداربوون و ٤٠٠ فەڵەستینی دیکەش دەستبەسەر کران.