سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رایگەیاند کە لەوەتەی ھێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا تا ئێستا دوو ھەزار و ٥٠٠ تا سێ هەزار سەربازی ئۆکراینا کوژراون و نزیکەی ١٠ ھەزار سەربازیش برینداربوون.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لەمیانی لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی سێ ئێن ئێن ھۆشداریی دایە سەرجەم وڵاتانی جیھان بەوەی کە دەبێت ئامادەبن لە بەرامبەر ئەگەری بەکارھێنانی چەکی ناوەکی لەلایەن سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین.
سەرۆکی ئۆکراینا ئاشکراشی کرد کە لەوانەیە رووسیا پەنا بباتە بەر بەکارھێنانی چەکی کیمیایی یان ناوەکی و راشیگەیاند کە پوتین گیانی مرۆڤ بە ھیچ نازانێت.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئەوەشی خستەڕوو کە پێویستە لەجیاتی ترسان، خۆئامادەکاری بکرێت و بەکارھێنانی چەکی کیمیایی یان ناوەکی نەک تەنھا بۆ ئۆکراینا بەڵکو بۆ سەرجەم وڵاتانی جیھان کێشە دروست دەکات.
سەرۆکی ئۆکراینا لەبارەی ئەو کەشتییەی رووسیا کە لەلایەن ئۆکرایناوە کراوەتە ئامانج گوتی: "ئیتر دەزانین کە ئەم کەشتییە بوونی نییە، بۆ ئێمە چەکێکی بەھێز بوو، و پێویست گشت جیھان ئەوە بزانێت کە نقوومبوونی (کەشتییەکە) بۆ ئێمە تراژیدیا نەبوو. رووسیا چەندە چەکی کەمی لەدەست بێت بۆ ھێرشکردن بۆسەر ئێمە، ئەوا ئەوەندە بۆ ئێمە باشە".
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئاشکراشی کرد کە لەوەتەی ھێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا تا ئێستا دوو ھەزار و ٥٠٠ تا سێ هەزار سەربازی ئۆکراینی کوژراون و نزیکەی ١٠ ھەزار سەربازیش برینداربوون.
سەرۆکی ئۆکراینا ئەوەشی خستەڕوو کە رووسیا ١٩-٢٠ ھەزار سەربازیی لەو جەنگەدا بووەتە قوربانی، لە کاتێکدا رووسیا رایگەیاندبوو کە تەنھا ھەزار و ٣٥١ سەربازی کوژراوە.