پارێزگاری کەرکووک: لە ناوچەکەدا نزیکەی 150 چەکداری داعش هەن

دوایین نوێکردنەوە 2022-04-17 00:00:00 - سەرچاوە: سپێده‌


 پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت، راکان سەعید ڕایگه‌یاند "لە ناوچەی دۆڵی چا باشووری کەرکووک، نزیکەی ١٥٠ ئەندامی داعش هەن کە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە و لە رۆژانی رابردووشدا، هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک، سەڵاحەددین و دیالە لەو ناوچەیە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان دەستپێکردووە".

راکان سەعید ئاماژەی بەوە دا کە چه‌كدارانی داعش بەتایبەت لە ناوچەی دۆڵی چا کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی کەرکووک، سەڵاحەددین و دیالە هەن، باسی لەوەش کرد کە لەبەر ئەوەی ناوچەکە زۆر فراوان و بەربڵاوە، کۆنترۆڵکردنی سەختە.

پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت ئەوەشی ئاشکرا کرد کە داعش بەشێوەی گرووپی پەرتەوازە لە جموجۆڵدان و ئەمەش وای کردووە دەستگیرکردنیان سەخت بێت، ئاماژەی بەوەش دا کە لە ناوچەکانی باشووری کەرکووک، رۆژانە لانیکەم یەک هێرش بۆسەر هێزە ئەمنییەکان، ئەنجام دەدرێت.

راکان سەعید جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە هێزە ئاسمانییەکانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنەکانی باشووری کەرکووکدا رۆڵێکی کاریگەرتریان هەبێت.

پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت، راکان سەعید باسی لەوەش کرد کە لە ناوچەی دۆڵی چا باشووری کەرکووک، نزیکەی ١٥٠ ئەندامی داعش هەن کە هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە و لە رۆژانی رابردووشدا هێزە ئەمنییەکانی کەرکووک، سەڵاحەددین و دیالە لەو ناوچەیە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان دەستپێکردووە.

راکان سەعید گوتی: "لە ئۆپەراسیۆنی ئاسن و چەکوشدا، هێزە ئاسمانییەکانی عێراق هاوکاری هێزە ئەمنییەکان دەکات، ئومێدێکی زۆرمان بەم ئۆپەراسیۆنە هەیە. ئامانجمان لێکدابڕانی تیرۆریستانی ناو شارە لەگەڵ تیرۆریستانی ناوچەکانی دەرەوەی شار لە باشووری کەرکووک".

پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی پێیان دەگات، گرنگییەکی زۆری هەیە، لەو بارەیەشەوە ستایشی پشتیوانی گوندنشینانی باشووری کەرکووکی کرد.
راکان سەعید باسی لەوەش کرد کە لە پێناو زیادکردنی ئاسایشی باشووری کەرکووک، دەستکراوە بە دروستکردنی ١٩ خاڵی ئەمنی نوێ و بۆ هەر خاڵێکیش کامێرای چاودێری شەوبین، دابین کراوە.

وێڕای تێپەڕینی چوار ساڵ بەسەر کۆتاییهاتنی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی عێراق دژبە داعش، تا ئێستا چەکدارانی رێکخراوەکە لە پارێزگاکانی کەرکووک، دیالە، نەینەوا، سەڵاحەددین و ئەنبار ماون و پەلامارەکانیان بەردەوامە.