سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق له‌باره‌ی هێرشه‌كانی سوپای توركیا بۆسه‌ر ناوچه سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندوه: ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازیه‌كه‌ی توركیا قبوڵكراو نییه وعێراق ره‌تیده‌كاته‌وه، خاكه‌كه‌ی ببێته گۆڕه‌پانێك بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكان، هه‌روه‌ها نابێت خاكی عێراقیشه‌وه هێرشبكرێته سه‌ر وڵاتانی دراوسێ.
له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق بڵاویكرده‌وه: سه‌رۆكایه‌تی كۆمار به‌نیگه‌رانیه‌كی زۆره‌وه له‌ئۆپراسیۆنه سه‌ربازیه‌كانی توركیا له‌ناو سنوری عێراق وهه‌رێمی كوردستان ده‌ڕوانێت كه‌پێشێلكردنی سه‌روه‌ری وهه‌ڕه‌شه‌یه بۆسه‌ر ئاسایشی نیشتمانی عێراق.
راشیگه‌یاند: دوباره‌كردنه‌وه‌ی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كانی توركیا له‌سنوری عێراق له‌هه‌رێمی كوردستان وبه‌بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقی فیدراڵ كه‌سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پێشتر داوای راگرتنیان وئه‌نجامدانی گفتوگۆ وهه‌ماهه‌نگی كراوه، قبوڵ ناكرێت.
سه‌رۆكایه‌تى كۆمارى عێراق جه‌ختده‌كاته‌وه له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش وچاره‌سه‌ركردنی كێشه ئه‌منییه‌كان له‌ڕێگه‌ی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش وگفتوگۆی پێشوه‌خته‌وه، ڕێوشوێنی ئه‌منی تاكلایه‌نه‌ش له‌دۆسیه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراوی ئه‌منی قبوڵكراو نییه وپێویسته رێز له‌سه‌روه‌ری خاكی عێراق بگیرێت.
راشیگه‌یاندوه: بڕیاری فه‌رمی ده‌وڵه‌تی عێراق وسیاسه‌تی ده‌ره‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای به‌رده‌وامی ڕه‌تكردنه‌وه‌یه ئه‌و هه‌نگاوه‌یه كه‌عێراقه بكرێته گۆڕه‌پانی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێكان وسه‌روه‌رییه‌كه‌ی پێشێل بكرێت وهه‌ڕه‌شه له‌سه‌ر ئاسایش وسه‌قامگیری دروست بكرێت.
سه‌رۆكایه‌تى كۆمار راشیگه‌یاندوه: عێراق ڕه‌تیده‌كاته‌وه ببێته گۆڕه‌پانێك بۆ ده‌ستدرێژی وهه‌ڕه‌شه بۆسه‌ر هیچ وڵاتێكی دراوسێ.